هەواڵی ئەمڕۆ

راگەیەنراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە لەبارەی دۆسیەی نەوت و بەنزین

02:00 - 06/12/2021

6747جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەبارەی دۆسیەی نەوت و بەنزین وەڵامی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لەئێستادا رۆژانە 950،000 لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بەغداش ملیۆنێک لیتر رەوانە دەکات، رەتیشیدەکاتەوە رێگری کرابێت لە هاوردەکردنی سوتەمەنی بازرگانی  و دەڵێت "هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. "

بەغدا ڕۆژانە 1000000 لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەرونکردنەوەیەکدا وەڵامی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵحی داوەتەوە لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی، لە بەشێكی راگەیەنراوەکەدا باسی لەوەکردوە، هەرێم رۆژانە کەمتر لە (25000  بەرمیل نەوت ) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بری 950،000 لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدرال ڕۆژانە 1000000 لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات، ئەو بەنزینەش بەشێوەی (نۆرە- مناوەبە) بەسەر ئەو بەنزینخانەکاندا دابەشدەکرێت.
بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکەین بۆ هێنانی هیچ سوتەمەنییەک کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت
ئەوەش هاتوە، لەبارەی نەوتی سپیش بەهیچ شێوەیەک رێگری نەکراوە لە هاوردەکردنی سوتەمەنی بەڵام "وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سوتەمەنییەک کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر ڕێگریش کرابێت ئەوە بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبونی مۆڵەتی وەزارەتمان بوە".
پاڵاوتگەی لاناز پاڵاوتگەیەکی حکومی نییە و وەزارەتمان هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات 
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێت، "سەبارەت بە (پاڵاوتگەی لاناز)ـیش ئەم پاڵاوتگەیە حکومی نییە و وەزارەتمان هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەمو پاڵاوتگە ڕێگە پێدراوەکانی تر".
 هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت
ئەوەش خراوەتەڕو، "سەبارەت بە ناوی (نەبەز محمد)ـیش لە هیچ بازگەیەک، جگە لە مۆڵەتی وەزارەتمان کە بۆ دڵنیابونەوەیە لە کوالیتی سوتەمەنی ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگەی پێ نادرێت . هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. "