هەواڵی ئەمڕۆ

فڕەنسا لەبارەی پرسی کۆچبەران سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکات

01:03 - 06/12/2021

1741جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق کۆبوەوە و هەردولا هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە، سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، ئاسایشی ناوچە کێشەلەسەرەکان و دۆسیەی کۆچبەرانیان تاوتوێکرد، فڕەنساش لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ رێگری لەکۆچکردنی نایاسایی سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق کردوە و گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هێرش و پەلامارەکانی داعش، بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کراوە. 

بەشێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکان بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە
ئەوەش هاتوە، "سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردوە، کە بەشێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە، هاوکات باڵیۆزی فرەنسا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دوپاتکردەوە لە شەڕی دژ بە داعش".
سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی
لەبارەی دۆسیەی کۆچبەرانیش نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستوەتەڕو، "لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، بارودۆخی کۆچبەرانی سنوری بێلاروسیا و پۆڵندا تاوتوێ کرا. باڵیۆزی فرەنسا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و هەروەها کارئاسانیکردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان".