هەواڵی ئەمڕۆ

هێزێکی پێشمەرگە دەچێتە گوندی لهێبان

11:24 - 06/12/2021

2808جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی شەوی رابردو گوندی لهێبانی سەرگەڕان لەسنوری پارێزگای کەرکوک بەهۆی هەڕەشەی گروپی چەکدارانی داعش بەتەواوی چۆڵکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی هەولێر چونەتە ناو گوندەکە و لەم کاتەدا هیچ چەکدارێکی داعش لە گوندەکەدا نەماوە.

فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، هێزێکی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان  چونەتە ناو گوندی لهێبان، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردو بەهۆی هەڕەشەی گروپی چەکدارانی داعش گوندەکە چۆڵکرا و خەڵکەکەی زۆربەیان هاتنە سنوری دیبەگەی سەر بە پارێزگای هەولێر.

گوندەکەیان کە 15 ماڵی تێدابوە بەتەواوی چۆڵکراوە
شەوی رابردو گوندی لهێبان بەتەواوی چۆڵکرا و دانیشتوانی گوندەکە رایانگەیاندبو، ناوچەکەیان هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نیە و بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان بهێنن، گوندەکەیان کە 15 ماڵی تێدابوە بەتەواوی چۆڵکردوە.

ئاماژەیان بەوەشکردبو، گوندەکەیان کە دەکەوێتە چیای قەرەچوغ بەدیوی ناحیەی سەرگەڕان بەهۆی مەترسییەکانی داعش کە ماوەی چەند رۆژێکە لەسنوری گوندەکەیان هاتوچۆ دەکەن و ئێوارەی دوێنێ 35 چەکداری داعش بینراون بەرەو گوندەکەیان هاتون، بۆیە گوندەکەیان چۆڵکردوە.
نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە
نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە، بەرپرسە سەربازییەکان هۆکاری زیادبونی هێرشەکانی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێننەوە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، دوایین هێرشی داعش شەوی پێنجشەممە بو. پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دو هێرشی دیکەیان کردبو کە بە هەردوکیانەوە 12 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهیدبون.