هەواڵی ئەمڕۆ

هێرشەکەی شەوی رابردوی داعش لەپردێ شەهیدبونی چوار پێشمەرگەی لێکەوتەوە

09:31 - 06/12/2021

3837جار خوێندراوەتەوە

سەنگەرێکی پێشمەرگە

خەندان-

شەوی رابردو گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر سەنگەرێکی پێشمەرگە لەسەر کەلی قەرە سالم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی پردێ لە سنوری کەرکوک و لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە وەڵامی هێرشەکەدرایەوە، لەئەنجامی هێرشەکەش چوار پێشمەرگە شەهیدبون و پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربو.

چوار پێشمەرگەی فەوجی 3ی لیوای 126 شەهیدبون

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان شەوی رابردو گروپی چەکدارانی داعش دو خاڵی فەوجی 3ی لیوای 126ی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەیان لەسەر کەلی قەرە سالم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی پردێ بەئامانج گرت، لەئەنجامی هێرشەکەش چوار پێشمەرگە شەهیدبون و پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربو.

داعش ناجێگری رەوشی کەشوهەوای ناوچەکەی بۆ هێرشەکە قۆستوەتەوە

فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسنوری ناحیەی پردێ باس لەوەدەکەن، گروپی چەکدارانی داعش ناجێگری رەوشی کەشوهەوای ناوچەکەی بۆ هێرشەکە قۆستوەتەوە، ئەوەش لەدوای ساڵێک یەکەمین هێرشی ئەو رێکخراوەیە بۆسەر پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا.

 

ناوی ئەو پێشمەرگانەی لەهێرشەکەی شەوی رابردو شەهیدبون:

 

- شەهید نەقیب مسعود تەلعەت - خەڵکی سێگرتکان  

-شەهید رێکان تۆفیق - خەڵکی مام زاوا - هەولێر

-شەهید هەژار جەلال - خەڵکی کەرکوک

-شەهید نەهرۆ ناجی خەڵکی ناحیەی دارتو - هەولێر

 

 

هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، چەکدارانی داعش پەلامارێکی تری دڕندانەیان بۆ سەر خاڵێکی سەنگەرەکانی لیوای 126ـی هێزی پێشمەرگە لەنزیک ی گوندی " قەڕە سالم" دا و شەهید و برینداری لێکەوتەوە، بەڵام ژمارەی شەهید و بریندارانی ئاشکرا نەکردوە.

جەخت دەکەنەوە لەوەی کاری هاوبەش گرنگە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داعش

لەبارەی هەمانگی ئەمنی نێوان هەولێر و بەغداش دوێنێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەرۆژی یەکشەممەوە هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیانکردوە بە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و کاری هاوبەش، بۆیە جەخت دەکەنەوە لەوەی کاری هاوبەش گرنگە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داعش بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە.