هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان زانیاری لەبارەی کۆبونەوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوێنەری خوێندکاران بڵاودەکاتەوە

08:52 - 06/12/2021

4489جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی لەدوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ماوەی 12 کاتژمێر لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی 15 زانکۆ و پەیمانگای سنوری سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە و کۆیە کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە بەشێک لەپێداویستییەکانی خوێندکارانی زانکۆ دابین بکرێت و یەکێتیش پشتیوان و هاوکاری خوێندکاران دەبێت بۆ خەرجکردنەوەی دەرماڵەکانیان کە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە.

یەکێک لە بەشداربوانی کۆبونەوەکەی نێوان نوێنەری خوێندکاران و بافڵ جەلال تاڵەبانی بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەکەیان ماوەی 12 کاتژمێری خایاند و "دەتوانم بڵێم کۆبونەوەکە بەڕێژەی 75% ئیجابی بو و ئەو بەڵێنانەی پێماندراوە بەچەند قۆناغێک دەست دەکرێت بەجێبەجێکردنیان لەوانەش دابینکردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان و بەشێکی دیکەشیان لەداهاتودا جێبەجێ دەکرێن، هەروەها کاک بافڵ وتی ئەو بەڵێنانەی کە بۆم جێبەجێ نەکرێت دەڵێم بۆم جێبەجێ ناکرێت".

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی هاوکار و پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی داوای دەرماڵەی خۆتان بکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ مەبەستی دەرماڵەش بافڵ جەلال تاڵەبانی هیچ بەڵێنێکی پێنەداین کە بۆ نمونە بڵێت من دەرماڵەتان بۆ دابین دەکەم،  بەڵام وتی ئێمە هاوکار و پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی داوای دەرماڵەی خۆتان بکەن".
 سندقێک دروست بکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی کەمدەرامەتن
لەبارەی هاوکاری ئەو خوێندکارانەش کە کەمدەرامەتن لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە سندقێک دروست بکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی کەمدەرامەتن و بەگوێرەی پێداویستی خوێندکاران لەو سندقە سود وەردەگیرێت.
کۆبونەوەکە لە ھۆڵی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسلێمانی بەڕێوەچو
کۆبونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی (سلێمانی، کەرکوک، ھەڵەبجە، شارەزور، کەلار، کفری، خانەقین، ڕانیە، قەڵادزێ، کۆیە، چەمچەماڵ، سەیدسادق، چوارتا، دوکان، دەربەندیخان)، لە ھۆڵی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسلێمانی بەڕێوەچو و زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاند.
ئیشەڵا ئێمە میکانیزمێک دەدۆزینەوە کە حزب بتوانێت زیاتر هاوکاریان بێت
28ی مانگی رابردو بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ خوێندکارانی ناڕازی زانکۆکان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "لەکۆبونەوەکە من دەمویست تێبگەم و بزانم کێشەکانی ئەم هەڤاڵانەمان چیە، زۆر باش لەیەکتری تێگەیشتین و من هیچ داواکاریم نەبون لێیان بەڵام ئەوان چەند داواکارییەکیان هەبو، من چاوەڕێم دەکرد حکومەت باشتر ئاگای لێیان بێت چونکە ئەوان کوڕ وکچی ئێمەن، بەداخەوە نەیانتوانی داواکارییەکانیان وەک پێویست جێبەجێ بکەن، بۆیە ئیشەڵا ئێمە میکانیزمێک دەدۆزینەوە کە حزب بتوانێت زیاتر هاوکاریان بێت، چونکە هەمو داواکارییەکانیان حەقی خۆیان بو بەزیادەوە".