هەواڵی ئەمڕۆ

هێرشێکی داعش لەسنوری کەرکوک شەهیدبونی دو پێشمەرگەی لێکەوتەوە

11:07 - 05/12/2021

14455جار خوێندراوەتەوە

شەهید نەقیب مەسعود تەڵعەت، یەکێک لە شەهیدەکانی ئەمشەوی هێرشەکەی داعش لەسنوری پردێ

خەندان-

ئەمشەو گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر سەنگەرێکی پێشمەرگە لەسەر کەلی قەرە سالم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی پردێ لە سنوری کەرکوک و لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە وەڵامی هێرشەکەدرایەوە، لەئەنجامی هێرشەکەش دو پێشمەرگە شەهیدبون.

  دو پێشمەرگەی فەوجی 3ی لیوای 126 شەهیدبون

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان ئەمشەو گروپی چەکدارانی داعش دو خاڵی فەوجی 3ی لیوای 126ی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەیان لەسەر کەلی قەرە سالم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی پردێ بەئامانج گرت، لەئەنجامی هێرشەکەش دو پێشمەرگە شەهیدبون و دو پێشمەرگەی دیکەش برینداربون.

داعش ناجێگری رەوشی کەشوهەوای ئەمشەوی ناوچەیان بۆ هێرشەکە قۆستوەتەوە

فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسنوری ناحیەی پردێ باس لەوەدەکەن، گروپی چەکدارانی داعش ناجێگری رەوشی کەشوهەوای ئەمشەوی ناوچەکەیان بۆ هێرشەکە قۆستوەتەوە، ئەوەش لەدوای ساڵێک یەکەمین هێرشی ئەو رێکخراوەیە بەسەر پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا.

بڕیار درا پێشمەرگەو سوپا بەھاوبەشی ئۆپراسیۆنی بەردەوام لەناوچەکەدا ئەنجام بدەن

دوای هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوی داعش بۆسەر گوندەکانی سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەری 2ی قەرەتەپەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە لەمیحوەرەکانی 1و2 لەگەڵ  فیرقەی 1ی سوپای عێراق لەسنوری پارێزگای دیالە کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەدا هەردولا رێککەوتن لەسەرھەماھەنگی پێشمەرگەو سوپا بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەو جموجۆڵی داعش، هەروەها بڕیار درا پێشمەرگەو سوپا بەھاوبەشی ئۆپراسیۆنی بەردەوام لەناوچەکەدا ئەنجام بدەن.

 بە هەردوکیانەوە 8 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهیدبون

نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە، بەرپرسە سەربازییەکان هۆکاری زیادبونی هێرشەکانی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێننەوە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، دوایین هێرشی داعش شەوی پێنجشەممە بو. پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دو هێرشی دیکەیان کردبو کە بە هەردوکیانەوە 8 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهیدبون.

May be an image of 1 person and military uniform