هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان زانیاری له‌باره‌ی كوژرانی ئه‌فسه‌رێك و برینداربونی ژماره‌یه‌ك پۆلیسی سلێمانی بڵاوده‌كاته‌وه‌

10:21 - 04/12/2021

38105جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، هێزێكی پۆلیسی توندوتیژی دژ به‌ژنان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانێك چونه‌ته‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆ، به‌ڵام ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و ئه‌فسه‌رێك كوژراوه‌ و دو پۆلیسی دیكه‌ش برینداربون.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، هێزێكی پۆلیسی توندوتیژی دژ به‌ ژنان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانێكی ده‌ستگیركردن، چونه‌ته‌ ناوچه‌ی تانجه‌ر، به‌ڵام داواكراوه‌كه‌ و كه‌سانی دیكه‌ روبه‌ڕویان بونه‌ته‌وه‌ و ته‌قه‌یان لێكردون.

ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی نه‌قیب كوژراوه‌ و دو پۆلیسی دیكه‌ش برینداربون

وتیشی، "له‌ئه‌نجامی ئه‌و روداوه‌، ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی نه‌قیب له‌گه‌ڵ دو پۆلیسی دیكه‌ برینداربون، تاوه‌كو گه‌یه‌ندراون به‌نه‌خۆشخانه‌، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانی هاتوه‌".

تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایش گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردوه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایش گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێكردوه‌.

له‌لای خۆشیه‌وه‌، سامان نادر به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فریاكه‌وتنی خێرای سلێمانی 122 به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، دوای روداوێكی ته‌قه‌كردن، چوار كه‌س به‌برینداری له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆوه‌ گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن.

نیشانەکردن

سلێمانی كوشتن