هەواڵی ئەمڕۆ

حکومەتی هەرێم: بۆ روبەڕوبونەوەی داعش پێویستە عێراق هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات

02:30 - 03/12/2021

1000جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوی داعش لەسنوری قەرەچوغ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێویستی دەزانن بۆ رێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەماهەنگی  وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بکات.

د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "شەوی ڕابردو تیرۆرستانی داعش هێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر هاوڵاتییانی گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوخ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو هێرشەدا چەند هاوڵاتییەکی گوندەکە شەهید بون و لە کاتی بەهانەوە چون و ڕاوەدونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید و برینداربون."

 سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانە دەکەین

باسی لەوەشکردوە، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانەش دەکەین و هیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

 پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات 

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، "بۆ رێگری کردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا."

لەهێرشەکەی داعشدا 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەهێرشەکەی شەوی رابردوی گروپی چەکدارانی داعش لەسنوری قەرەچوغ 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و پێنج برینداری هێرشەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر.