هەواڵی ئەمڕۆ

مەسعود بارزانی: پێویستە بە زوترین كات تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان لە دوژمن بكرێتەوە

12:40 - 03/12/2021

5381جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوی داعش لەسنوری قەرەچوغ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە پێداچونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك، هەروەها "پێویستە بە زوترین كاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە دوژمن بكرێتەوە."

مەسعود بارزانی لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردو لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم گیانی پاكی شەهیدەكانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و دڵنەوایی بە كەسوكار و بنەماڵەكانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاكبونەوە بۆ برینداران دەخوازم."
گوتەكانی ئەو شێرەژنە بۆ هەمومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبونە
ئەوەشی خستوەتەڕو، "سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەكەم كە سێ كوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردوی تیرۆریستان گەییشتنە كاروانی نەمران و شەهیدبون و، لە خودای گەورە داواكارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەكانی ئەو شێرەژنە بۆ هەمومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاكانی گەلەكەمان و، لە دڵەوە سوپاسی دەكەم."
 پێویستە پێداچونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگەدا بکرێت
لەبارەی پلانی پێشمەرگەش مەسعود بارزانی باسی لەوەکردوە، "لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك. پێویستە بە زوترین كاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە دوژمن بكرێتەوە."
لەهێرشەکەی داعشدا 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەهێرشەکەی شەوی رابردوی گروپی چەکدارانی داعش لەسنوری قەرەچوغ 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و پێنج برینداری هێرشەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر.