هەواڵی ئەمڕۆ

مەسرور بارزانی: داعش بوەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان

11:52 - 03/12/2021

2245جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گروپی چەکدارانی داعش بونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زوە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە، گەشەکردنی داعش و  هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت.

مەسرور بارزانی لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە داخ و خەمێکی قوڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ، ژمارەیەک هاوڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربون، پرسە و سەرەخۆشی قوڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هاوخەمیانین ، خوای میهرەبان گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە خێزان و کەسوکارەکانیان ببەخشێت، هیوای چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. "

هەرچی زوە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تیرۆریستانی داعش، بونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زوە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و  هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت."

حکومەت ئامادەیی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر دوپاتدەکاتەوە

لەبارەی هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و بەغداش مەسرور بارزانی ئەوەی خستوەتەڕو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و سەقامگیربونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دوپات دەکاتەوە."

لەهێرشەکەی داعشدا 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەهێرشەکەی شەوی رابردوی گروپی چەکدارانی داعش لەسنوری قەرەچوغ 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و پێنج برینداری هێرشەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر.