هەواڵی ئەمڕۆ

پارێزگاری هەولێر: لەهێرشەکەی داعشدا 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون

11:29 - 03/12/2021

2819جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەهێرشەکەی شەوی رابردوی گروپی چەکدارانی داعش 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و پێنج برینداری هێرشەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر کە برینی یەکێکیان سەختە.

 لەهێرشەکەدا 10 پێشمەرگە شەهیدبون و سێ هاوڵاتی مەدەنی گوندی خدرجیجەش شەهیدبون

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بریندارانی هێرشەکەی شەوی رابردوی گروپی چەکدارانی داعشی لەسنوری قەرەچو‌غ بەسەر کردەوە و بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەهێرشەکەدا 10 پێشمەرگە شەهیدبون و سێ هاوڵاتی مەدەنی گوندی خدرجیجەش شەهیدبون، هەروەها لەروداوەکەدا پێنج کەس برینداربون.

 بۆشایی ئەمنی لەناوچەیەدا هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی بریندارانی هێرشەکەیانکردوە، لە هەمانکاتیشدا "باوەڕمانوایە بۆشایی ئەمنی لەناوچەیەدا هەیە و ئەوەش وایکردوە داعش تەراتێن بکەن و دەتوانن ئەو زەربە بوەشێنن، بۆیە چڕکردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی شانەنوستوەکانی داعش بەگرنگ و پێویست دەزانین".

نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەیان هەبێت

ئەمڕۆش وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردو داعش هێرشیکردوەتەسەر  گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە گەیشتنەشوێنەکە، بەڵام لەکاتی ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ناوچەکەدا یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی داعشەوەو بەهۆیەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بون، بۆیە "نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەیان هەبێت".

داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە

لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.