هەواڵی ئەمڕۆ

عەلی حەمەساڵح: لە کۆی خەرجی و خەدەمات دو ئیدارەییەکی 100% هەیە

01:19 - 01/12/2021

2259جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەمانگی شوبات تاوەکو تشرینی دوەمی ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بەتێکڕا 210 ملیار دینار کەمیکردوە بەبێ ئەوەی بەدواداچون بۆ هۆکارەکەی بکرێت و حکومەت رونکردنەوەی پێویستی لەسەر بدات، دەشڵێت لەسلێمانی و هەولێر "لە کۆی خەرجی و خەدەمات دو ئیدارەییەکی 100% هەیە".

داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە مانگی 11 بوەتە 164 ملیار دینار بوە
عەلی حەمەساڵح لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەمانگی دو ئەمساڵدا 374 ملیار دینار بوە، بەڵام لە مانگی 11 بوەتە 164 ملیار دینار، چ مەنتیقێک رێگە بەوەدەدات بۆ تەمویلی موچە 210 ملیار کەمیکردبێت. ئەم پارەیە چی لێهات؟"
 داهاتی ناوخۆش هەرچەند بێت سلێمانی 43% تەمویل دەکات و هەولێریش 57% تەمویل دەکات
لەبارەی داهاتی سلێمانیش باسی لەوەکرد، "داهاتی سلێمانی بۆ تەمویلی موچە بۆ مانگی دو بەراورد بە مانگی 11 لە 171 ملیار دینارەوە هاتوەتە سەر 70 ملیار و 520 ملیۆن دینار. 90 ملیار و 480 ملیۆن دینار کەمیکردوە، ئەمە چی لێهات؟ هەروەها داهاتی هەولێر لە 184 ملیارەوە بۆ 93 ملیار و 480 ملیۆن دینار کەمیکردوە، داهاتی ناوخۆش هەرچەند بێت سلێمانی 43% تەمویل دەکات و هەولێریش 57% تەمویل دەکات، ئەمەش دو ئیدارەییەکی رونە."
 100% پرۆژەکانی سلێمانی دەبێت بە داهاتی خۆی بکرێت
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی تەرخانکردنی پارەش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان وتی،  "لە کۆی خەرجی و خەدەمات دو ئیدارەییەکی 100% هەیە، راستە پرۆژەیەک لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت، بەڵام 100% پرۆژەکانی سلێمانی دەبێت بە داهاتی خۆی بکرێت، واتە سەنتێک لە هەولێر و دهۆک و خەزێنەی دارایی وەک پارە و بڕ ناچێت بۆ سلێمانی و دەبێت لە داهاتی سلێمانی خۆی بکرێت."
  حکومەتی دەڵێت دەبێ پارەی پرۆژەکان بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان ئەنجام بدرێن
ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ نمونە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی زیاتر لە 50%ی تەواو بوە، بەڵام 12 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە، واتە 50%ی تەواو بوە و 3%ی پارەکەی بۆ دراوە و ئەوەش پارەی باجی کارەبا و رسوماتی خەڵکی سلێمانییە. بۆیە ئەوە لە داهاتی وڵات نەکراوە. لەبەرئەوە ئەگەر تەنیا 3% کرابێت دەبێت تاوەکو قیامەت سلێمانی قەرزاری ئەو کۆمپانیایە بێت. هەروەها ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت دەبێ پارەی پرۆژەکان بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان ئەنجام بدرێن."