هەواڵی ئەمڕۆ

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبوەوە؛ چەند بڕیارێک دران

08:05 - 30/11/2021

17276جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبوەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە و رایگەیاند، چەندینجار ھۆشدارییان داوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش، "بۆیە ئێمە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و گیانی پێشمەرگە".

نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبوەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش.

ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی ئەو سنورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە

ئەوەش هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا کە سەرپەرشتیار و فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا ئامادەیبون، بافڵ جەلال تاڵەبانی دوبارە پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی قوڵی خۆی دەربڕی بۆ شەھیدبونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان و ھیوای زو چاکبونەوەشی بۆ برینداران خواست. هەروەها لەکۆبونەوەکەدا بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی ئەو سنورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، "چەندین جار ھۆشداریمان داوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بۆیە ئێمە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە، چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین کە ئەمەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت."

 چاو کراوەتر بن لە بەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە

نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپارد کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاو کراوەتر بن لە بەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن و وەک ھەمیشە گیانفیدابن لەپێناو ژیانی خەڵک و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان."

No description available.No description available.No description available.