نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وه‌ی كه‌ بوه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌ت، ته‌نها پیاو نییه‌

12:07 - 28/11/2021

874جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی كه‌ بوه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌ت، ته‌نها پیاو نییه‌، ئه‌گه‌ر پیاوێك سته‌م بكات، پێویسته‌ ده‌ستی بگیرێت و بواری نه‌درێت، به‌ڵام هه‌ندێكجار ئه‌وه‌ی كه‌ سته‌م له‌ ژن ده‌كات، ده‌كرێت ئافره‌تێكی دیكه‌ بێت كه‌ پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ بكرێت.

 له‌میانه‌ی وتارێكدا له‌ كۆنفڕانسی "یه‌كسانیی جێنده‌ری و ستراتیژییه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئافره‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا" كه‌ به‌ هاوبه‌شی نێوان زانكۆكانی سلێمانی، دهۆك، هه‌ولێر و كوردستان، له‌ هه‌ولێر ساز كرابو، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "باسی یه‌كسانیی نێوان نێرومێ، كوڕ و كچ و پیاو و ژن، له‌ بنچینه‌دا باسێكی سیاسییه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ مافی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئه‌گه‌ر مافه‌كان بۆ هه‌مو تاكه‌كان وه‌ك یه‌ك بن، كه‌واته‌ نابێت ڕه‌گه‌زێك ئه‌وی دیكه‌ په‌راوێز بخات و نه‌یخوێنێته‌وه‌، به‌شداری پێنه‌كات، یاخود سته‌می لێ بكات و له‌گه‌ڵیدا توندوتیژ بێت، زۆر هۆكار هه‌ن كه‌ وایانكردوه‌ ئافره‌ت سته‌ملێكراو بێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، له‌وانه‌ش، به‌شودانی زۆره‌ملێ، كوشتن به‌ بیانوی ئابڕو، ده‌ستدرێژیی سێكسی، توندوتیژی له‌ ناوه‌وه‌ی خێزان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزان، یاخود په‌راوێزخستن و ژێرده‌سته‌كردنی".

به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ جێبه‌جێكردنی به‌هه‌ڵه‌ی دابونه‌ریته‌، ئێمه‌ كه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، له‌یه‌ككاتدا هه‌م سته‌م له‌سه‌ر ئافره‌ت كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌

وتیشی، "به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ جێبه‌جێكردنی به‌هه‌ڵه‌ی دابونه‌ریته‌، ئێمه‌ كه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، له‌یه‌ككاتدا هه‌م سته‌م له‌سه‌ر ئافره‌ت كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌م ناشیرینییه‌كیش له‌ كلتوری خۆماندا ده‌سڕینه‌وه‌، به‌شێكی دیكه‌ له‌ هۆكاره‌كان، تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌یه‌ بۆ ئایین، ئێمه‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌یان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵئه‌وه‌دا كه‌ ئافره‌ت ده‌پارێزین، ئایینیش له‌ تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ ده‌پارێزین، به‌شێكی زۆریش له‌ هۆكاره‌كان له‌ ناڕۆشنبیریی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، بۆیه‌ كاتێك تاكه‌كه‌س له‌سه‌ر پرسی یه‌كسانی و ئازادی په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین، ئافره‌تیش له‌ توندوتیژی و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌پارێزین، پێویسته‌ ئه‌مه‌ له‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی ئه‌م كلتوره‌ له‌ مێشكی منداڵانی ئێمه‌دا جێگیر بكرێت".

باوه‌ڕی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، نابێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ تواناكانی ئافره‌ت سنوردار بكات

نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌شكرد، "باوه‌ڕی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، نابێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ تواناكانی ئافره‌ت سنوردار بكات، یان به‌ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا بكات كه‌ ژێرده‌سته‌ی بكات، هه‌وڵی ئێمه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ین به‌و ناوه‌نده‌ كه‌ تێیدا ئافره‌تیش وه‌ك پیاو، ئه‌و ئازادییه‌ی هه‌بێت تواناكانی خۆی په‌ره‌ پێبدات، توانای په‌روه‌رده‌یی، هونه‌ری، سیاسی، پیشه‌یی و ئابوری. كاری ئێمه‌ له‌ پرسی یه‌كسانیی هه‌ردو ڕه‌گه‌زدا، وه‌ڵامێكی سیاسییه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌ره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ په‌راوێز ده‌خه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی ڕه‌گه‌ز".

ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك بنیات بنێین كه‌ تێدا پیاو و ژن وه‌ك یه‌ك سودمه‌ند بن له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی بۆیان ده‌ره‌خسێت

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك بنیات بنێین كه‌ تێدا پیاو و ژن وه‌ك یه‌ك سودمه‌ند بن له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی بۆیان ده‌ره‌خسێت، وه‌ك یه‌ك سودمه‌ند بن له‌ مافه‌كانیان، وه‌ك یه‌ك بتوانن ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن، به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ردو ڕه‌گه‌ز به‌ یه‌كسانی بواریان پێبدرێت بۆ به‌شداریی ئابوری، بۆ دروستكردنی بڕیار، بۆ ئه‌زمونكردنی ویسته‌كانیان و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانیان".

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كارمان له‌سه‌ر هه‌ردو بنه‌مای چه‌سپاندنی مافی ژن كردوه‌

هه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێم راشیگه‌یاند، "له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كارمان له‌سه‌ر هه‌ردو بنه‌مای چه‌سپاندنی مافی ژن كردوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی هه‌مواری یاسای باری كه‌سی و له‌ ڕێگه‌ی به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی مافی ئافره‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كسانی ئامرازه‌ و ئازادكردنی تاك و ئازادكردنی ئافره‌ت ئامانجه‌، ئازادكردنیش به‌ دو مانا دێت، ئازادكردن له‌ سته‌م و ئازادكردن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك، باوه‌ڕی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دو جۆره‌ له‌ ئازادی، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ژناندایه‌".

ده‌بێت قۆرخكاری كایه‌كانی ژیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ ڕاست بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئافره‌تیش له‌ كایه‌كانی ژیاندا به‌شدار بن

باسی له‌وه‌شكرد، "ده‌بێت قۆرخكاری كایه‌كانی ژیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ ڕاست بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئافره‌تیش له‌ كایه‌كانی ژیاندا به‌شدار بن، ده‌بێت هه‌مو كارێك له‌م ڕوه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك وێنا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ داهێنانه‌كانی پیاو و ژن به‌ به‌شــداری و كـاری هـه‌ردو ڕه‌گــه‌ز، بۆئه‌وه‌ی هه‌ردو ڕه‌گه‌ز تێیدا سه‌ربه‌ست بن و له‌ جوانییه‌كانی ژیان زیاد بكه‌ن".

توانیومانه‌ خزمه‌تێكی بنچینه‌یی به‌ پرسی یه‌كسانیی پیاو و ئافره‌ت بكه‌ین

ئه‌وه‌شی وت، "كاره‌كانمان بۆ به‌هێزكردن و پشتیوانیكردنی ژنانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن تواناكانی خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن، به‌ڵێ ده‌توانین بڵێن، توانیومانه‌ خزمه‌تێكی بنچینه‌یی به‌ پرسی یه‌كسانیی پیاو و ئافره‌ت بكه‌ین، به‌ڵام به‌ربه‌سته‌كان هه‌ر ماون و پێویسته‌ هه‌وڵی جددی بدرێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌دا دوچاری هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌، بۆ بنه‌بڕكردنیان، پێویستیمان به‌ هاوكاریی هه‌ردو ڕه‌گه‌زه‌، ئه‌م هاوكارییه‌ش ته‌نها كاتێك به‌رهه‌مدار ده‌بێت كه‌ هه‌ردو ڕه‌گه‌ز، وه‌ك ته‌واوكه‌ری یه‌كتر، یه‌كتری بخوێننه‌وه‌ و ڕێزی هاوبه‌ش و به‌های هاوبه‌ش هه‌ردولایان كۆبكاته‌وه‌".

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌ت، ته‌نها پیاو نییه‌، ئه‌گه‌ر پیاوێك بێت و سته‌م بكات، پێویسته‌ ده‌ستی بگیرێت

نێچیرڤان بارزانی رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ی كه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رانبه‌ر ئافره‌ت، ته‌نها پیاو نییه‌، ئه‌گه‌ر پیاوێك بێت و سته‌م بكات، پێویسته‌ ده‌ستی بگیرێت و بواری نه‌درێت، به‌ڵام هه‌ندێكجار ئه‌وه‌ی كه‌ سته‌م له‌ ژن ده‌كات، ده‌كرێت ئافره‌تێكی دیكه‌ بێت كه‌ پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ بكرێت، یاخود ده‌كرێت هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی دابونه‌ریت بن كه‌ پێویسته‌ بنه‌بڕ بكرێن، ده‌كرێ هه‌ندێك یاسا بن كه‌ پێویسته‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌، ده‌كرێت هه‌ندێك تێگه‌یشتنی ئایینی بن كه‌ پێویستیان به‌ ڕاستكردنه‌وه‌یه‌، ده‌كرێ ته‌نانه‌ت سیسته‌مێكی سیاسی بێت و پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌بێت به‌ڕوی به‌شداریكردنی ژنان".

نیشانەکردن

نێچیرڤان بارزانی