مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی دو په‌یامیان بڵاوكرده‌وه‌

11:38 - 28/11/2021

5955جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌دو په‌یامی جیادا هاوخه‌می خۆیان له‌باره‌ی شه‌هیدبونی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌په‌لامارێكی تیرۆرستانی داعش ده‌ربڕی و داوایانكرد، سه‌نته‌ره‌كانی ئه‌منی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر بكرێن.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "هه‌واڵی شه‌هیدبونی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مان له‌ شه‌وی ڕابردو  له‌ سنوری كوڵه‌جۆ، كه‌ له‌كاتی به‌هاناوه‌چونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بون، زۆر خه‌مباری كردم".

چه‌ندینجار هۆشداریمان داوه‌ له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و  خۆڕێكخستنه‌وه‌یان به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدراره‌ی هه‌رێم

راشیگه‌یاندوه‌، "ئێمه‌ چه‌ندینجار هۆشداریمان داوه‌ له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و  خۆڕێكخستنه‌وه‌یان به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدراره‌ی هه‌رێم، كه‌ سودیان له‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ وه‌رگرتوه‌ و بونه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی جدی بۆ سه‌ر ئاسایش و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سه‌نته‌ره‌كانی ئه‌منیی هاوبه‌ش له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوه‌ده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، بۆئه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منیی‌ له‌و ناوچانه‌ پڕ بكرێته‌وه‌".

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌مان ڕاسپاردوه‌ كه‌ ئاماده‌كاری زیاتر بكه‌ن و ڕێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ سنورداركردن و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش 

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌مان ڕاسپاردوه‌ كه‌ ئاماده‌كاری زیاتر بكه‌ن و ڕێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ سنورداركردن و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریكردن له‌ زیانگه‌یاندن به‌ هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌".

جارێكی تر چه‌ته‌كانی داعش په‌لامارێكی تری ترسنۆكانه‌یان كرده‌ سه‌ر ھێزه‌‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری كوڵه‌جۆ

هاوكات قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌‌رۆكی ئه‌‌نجومه‌‌نی وه‌‌زیران، له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "جارێكی تر چه‌ته‌كانی داعش په‌لامارێكی تری ترسنۆكانه‌یان كرده‌ سه‌ر ھێزه‌‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری كوڵه‌جۆ، به‌هۆیه‌وه‌ پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان گیانی خۆیان به‌خشی و چونه‌ ریزی كاروانی پڕ له‌سه‌روه‌ری شه‌هیدان".

په‌لامارانه‌‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌هێشتا مه‌ترسی ئه‌و گروپه‌ تێرۆریستییه‌ هه‌ر ماوه‌‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگی زیاتر بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌‌و مه‌‌ترسییه‌‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌م په‌لامارانه‌‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌هێشتا مه‌ترسی ئه‌و گروپه‌ تێرۆریستییه‌ هه‌ر ماوه‌‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگی زیاتر بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌‌و مه‌‌ترسییه‌‌ و دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش، ھه‌‌روه‌ھا جه‌‌ختده‌‌كه‌‌ینه‌‌وه‌‌ كه‌‌ زۆر پێویسته‌‌ كار له‌‌سه‌‌ر بنبڕكردنی فیكری تیرۆریستی بكرێت".