سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مینى هه‌ولێر ئاماری ناوچه‌ مینڕێژكراوه‌كان ئاشكراده‌كات

10:35 - 28/11/2021

1005جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مینى هه‌ولێر به‌وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر، 3 (سێ) كه‌س به‌هۆی مین و ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ مردون و 6 (شه‌ش) كه‌سی دیكه‌ش كه‌مئه‌ندام بون، هه‌روه‌ها چوار كێڵگه‌ مین به‌ روبه‌ری 161.855 (سه‌د و شه‌ست و یه‌ك هه‌زار و هه‌شتسه‌د و په‌نجاو پێنج) دوای پاككردنه‌وه‌یان له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی ڕاده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌ تا بۆ كشتوكاڵ به‌كاربهێندرێنه‌وه‌.

نیازی خالید سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مینى هه‌ولێر به‌وه‌كاله‌ت له‌ مه‌راسیمی ته‌قاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماری ساڵی 2021ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی مینی هه‌ولێری ڕاگه‌یاند، له‌و ساڵه‌دا چوار كێڵگه‌ مین به‌ روبه‌ری 161.855 (سه‌د و شه‌ست و یه‌ك هه‌زار و هه‌شتسه‌د و په‌نجاو پێنج) دوای پاككردنه‌وه‌یان له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی ڕاده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌".

زیاتر له‌ 1000 (هه‌زار) مین و ته‌قه‌مه‌نی دۆزراونه‌ته‌وه‌ و ئێستاش ده‌تواندرێت ئه‌و زه‌ویانه‌ی پاككراونه‌ته‌وه‌، دوباره‌ بۆ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری به‌كاربهێندرێنه‌وه‌

وتیشی، "زیاتر له‌ 1000 (هه‌زار) مین و ته‌قه‌مه‌نی دۆزراونه‌ته‌وه‌ و ئێستاش ده‌تواندرێت ئه‌و زه‌ویانه‌ی پاككراونه‌ته‌وه‌، دوباره‌ بۆ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری به‌كاربهێندرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌  12.699 (دوازده‌ هه‌زار وشه‌شسه‌د و نه‌وه‌د و نۆ) مین و ته‌قه‌مه‌نی جه‌نگی نه‌ته‌قاو كه‌ مه‌ترسی بون له‌سه‌رگیانی هاوڵاتیان هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ ناوبراون  ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌، كۆی روبه‌ری زه‌وی پشكێندراویش بریتی بوه‌ له‌ 190.240 (سه‌د و نه‌وه‌د هه‌زار و دوسه‌د و چل) مه‌تر دوجا، ئه‌و روبه‌ره‌ی كه‌ لادراوه‌ پاككراوه‌ته‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ مینه‌كان بریتی بوه‌ له‌ 65.378 (شه‌ست وپێنج هه‌زار و سێسه‌د و حه‌فتا و هه‌شت) مه‌تر دوجا، هه‌روه‌ها  كێڵگه‌ مینێكی نوێ تۆماركراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ پاكبكرێته‌وه‌".

  3 (سێ) كه‌س به‌هۆی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر مردون

نیازی خالید باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر له‌مساڵدا، 3 (سێ) كه‌س به‌هۆی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر مردون، 6 (شه‌ش) كه‌سی بریندار و كه‌مئه‌ندام بون".

تیمه‌كانی هۆشیاركردنه‌وه‌مان له‌ ده‌زگای مین به‌رده‌وامن له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی  هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نی و نزیك نه‌كه‌وتنه‌وه‌یان له‌ مین

سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین به‌وه‌كاله‌ت له‌په‌یامێكیشدا داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات، به‌هیچ شێویه‌ك نزیكی شوێنی مه‌ترسیدار نه‌كه‌ونه‌وه‌ و وتی، "تیمه‌كانی هۆشیاركردنه‌وه‌مان له‌ ده‌زگای مین به‌رده‌وامن له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی  هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نی و نزیك نه‌كه‌وتنه‌وه‌یان له‌ مین،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌وساڵه‌دا نزیكه‌ی 500 (پێنجسه‌د) هاوڵاتی سود مه‌ندبون له‌ به‌رنامه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 300 (سێسه‌د) پۆسته‌ر و فلێكس به‌كارهاتون بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌مه‌ترسییه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نی".