ته‌ندروستی هۆشداری له‌گواستنه‌وه‌ی كۆرۆنای ئۆمیكرۆن بۆ عێراق ده‌دات

10:19 - 28/11/2021

2258جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند، دوباره‌ داخستنی و قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شت و هه‌نگاوی گرنگه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی توشبونی نوێی په‌تای كۆرۆنا كه‌ به‌ "ئۆمیكرۆن" ناسراوه‌ و چونكه‌ هیچ دڵنیاییه‌ك نییه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ بۆ عێراق نه‌گوازرێته‌وه‌.

ریاز عه‌بدولئه‌میر حلفی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی گشتی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی په‌نا ده‌باته‌به‌ر گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كانی پێشو، تایبه‌ت به‌ رێگه‌گرتن له‌كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دابینكردنی ڤاكسین تایبه‌ت به‌رێگه‌گرتن له‌ جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌ی كۆرۆنا كه‌ به‌ "ئۆمیكرۆن" ناوده‌برێت.

زۆربه‌ی وڵاتان له‌ ئێستادا چونه‌ژوره‌وه‌ی گه‌شتیارانی ئه‌فریقای باشوریان بۆ وڵاته‌كانیان قه‌ده‌غه‌ كردوه‌

وتیشی، "زۆربه‌ی وڵاتان له‌ ئێستادا چونه‌ژوره‌وه‌ی گه‌شتیارانی ئه‌فریقای باشوریان بۆ وڵاته‌كانیان قه‌ده‌غه‌ كردوه‌، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانه‌ نوێیه‌ی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین گۆڕانه‌كان تا ئێستا له‌به‌شێكی وڵاتانی ئه‌فریقا تۆماركراو، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گۆڕانه‌كانی تێدایه‌ كه‌ پێشتر تۆماركراون له‌وانه‌ش كۆرۆنای جۆری ده‌لبتا و جگه‌ له‌وه‌ش، به‌خێراییه‌كی زۆر بڵاوده‌بێته‌وه‌ و سیستمی به‌رگری جه‌سته‌ی مرۆڤ تێكده‌شكێنێت".

هه‌مو ڕێوشوێنێك ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ بۆ عێراق

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌مو ڕێوشوێنێك ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ بۆ عێراق، به‌ڵام هیچ دڵنیاییه‌ك نیه‌ نه‌گوازرێته‌وه‌ بۆ عێراق، بۆیه‌ ده‌بێت ئاماده‌كاری بكه‌ین بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو، هه‌روه‌ها تاقیگه‌ی پێویست ئاماده‌بكه‌ین به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی توشبوان".

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) بڵاویكرده‌وه‌، داوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی خێرا و به‌په‌له‌ی كردوه‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ی كۆرۆنا، كه‌ له‌ ئه‌فریقا په‌ره‌ی سه‌ندوه‌، به‌شێوازێك كه‌ بنچینه‌ پڕۆتینه‌كه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌چه‌ خێزانییه‌كه‌ی كه‌ كۆرۆنای تاجییه‌ و پرۆتینه‌ گۆڕاوه‌كه‌شی به‌ سپایك ناوده‌برێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌شیان تایبه‌ته‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ گۆڕاوی كۆرۆنا، كه‌ له‌ ئه‌فریقا ده‌ركه‌وتوه‌ و به‌ (B.1.1.529) یاخود ئۆمیكرۆن ناسراوه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ نیشانه‌كانی و چۆنیه‌تی گۆاستنه‌وه‌ی و خێراكردن له‌ په‌ره‌پێدانی ڤاكسینێك ده‌كرێت.