مه‌حمود سه‌نگاوی له‌باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ بۆ خه‌ندان ده‌دوێت

09:34 - 28/11/2021

5966جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، هۆكاری سه‌ره‌كی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردوی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می له‌ قایمكردنی سه‌نگه‌ره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیان بۆ دابینكراوه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "هۆكاری په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردوی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می هێزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌مانتوانیوه‌ ئیمكانیه‌ت بخه‌ینه‌ به‌رده‌ست ئه‌و هێزانه‌ كه‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان قایم بكه‌ن".

هێزی پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ككراوه‌ له‌ڕوی پێدانی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و چه‌كی پێویسته‌وه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هێزی پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ككراوه‌ له‌ڕوی پێدانی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و چه‌كی پێویسته‌وه‌، به‌ڵام په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردو په‌یوه‌سته‌ به‌ دانانی بۆمبه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا تیرۆرستانی داعش نه‌یانتوانیوه‌ نزیكیش ببنه‌وه‌ له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌".

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری كه‌مته‌رخه‌میه‌كان، مه‌حمود سه‌نگاوی وتی، "كه‌مته‌رخه‌میه‌كه‌ ئه‌وه‌بو كه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان قایم نه‌كردوه‌، هه‌روه‌ها ئیمكانیه‌تی پێویستیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوه‌".

له‌ڕوی ئیمكانیه‌تیانه‌وه‌ كه‌ بتوانن یه‌كه‌كانی خۆیان قایم بكه‌ن، لاواز بوه‌

له‌په‌یامێكیشدا مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌ڵێت، "ئه‌م هێزه‌ی ئه‌مشه‌و توشی ئه‌و كاره‌ساته‌ بوه‌، هێزی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، له‌ڕوی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ توانای باش خراوه‌ته‌به‌رده‌ستیان، به‌ڵام له‌ڕوی ئیمكانیه‌تیانه‌وه‌ كه‌ بتوانن یه‌كه‌كانی خۆیان قایم بكه‌ن، لاواز بوه‌".

شه‌وی رابردو، له‌ ئه‌نجامی په‌لامارێكی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر خاڵێكی فه‌وجی سێی لیوای 5ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، 4 (چوار) پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری ناحیه‌ی كوڵه‌جۆ، له‌كاتی به‌هاوه‌چونی برینداره‌كانیش، بۆمبێك به‌ئۆتۆمبێلێكی هێزێكی هه‌مان فه‌وج ته‌قیه‌وه‌ و له‌ئه‌نجامدا چوار پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ شه‌هیدبون و یه‌كێك له‌ برینداره‌كانیش، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ شه‌هیدبو.