حکومەتی عێراق وردەکاری هەوڵی تیرۆرکردنی كازمی ئاشکرا دەکات

08:45 - 28/11/2021

6469جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەرچاوەیەکی ئه‌منی له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وردەکاری هەوڵی تیرۆرکردنی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشکرا ده‌كرێت، ده‌شڵێت، "دو فەرماندەی ئەمنی به‌هۆی پەیوەندی بە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی ده‌ستبه‌سه‌ركراون".

سەرچاوەیەکی ئه‌منی له‌ به‌غدا به‌ روسیا توده‌ی راگه‌یاندوه‌، "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ حكومه‌تی عێراق چەند وردەکارییەک لەسه‌ر هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران ئاشکرادەکات و  هه‌ڵوێست و بڕیاری نوێی حكومه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت".

 دو فه‌رمانده‌ی ئه‌منی له‌ په‌یوه‌ندی بە هەوڵی تیرۆرکردنی كازمی دەستبەسه‌ركراون
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، دو فه‌رمانده‌ی ئه‌منی له‌ په‌یوه‌ندی بە هەوڵی تیرۆرکردنی كازمی دەستبەسه‌ركراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، پێشتریش سێ كه‌سی دیكه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ ده‌ستگیركرابون.
7ی ئه‌م مانگه‌ ماڵی كازمی سێ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج
7ی ئه‌م مانگه‌، ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌لایه‌ن سێ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج و هه‌وڵی تیرۆركردنی درا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ شكستیهێنا، تا ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی له‌ هێرشه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌.
ئەوەی نابێت چاوپۆشی لێبکرێت شكۆی دەوڵەته‌ و ده‌بێت هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران رونبكرێته‌وه‌
26ی ئه‌م مانگه‌، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "ئەوەی نابێت چاوپۆشی لێبکرێت شكۆی دەوڵەته‌ و ده‌بێت هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران رونبكرێته‌وه‌ له‌پێناو سەروەری سەقامگیری ئاسایشی تەواوی عێراق".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پێویستە ئه‌نجامی لێکۆڵینەوەکان له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵی سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرا بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكرێن كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ ترسناكه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و سزا بدرێن.

نیشانەکردن

مستەفا كازمی