راوێژکارێکی کازمی باس لەکاریگەرییەکانی ناکۆکی ئابوری نێودەوڵەتی لەسەر عێراق دەکات

11:06 - 27/11/2021

2471جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەئێستادا پرسی نرخی نەوت لەئاستی جیهاندا بوەتە بەشێک لە ناکۆکی ئابوری نێودەوڵەتی و شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری نەوت، بۆیە لەم کاتەدا عێراق و زۆرینەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت خواستی ئەوەیان هەیە نەوت لەرێژەیەکدا جێگیربێت کە کە لەگەڵ تێچوی بەرهەمهێنان و خستنەبازاردا گونجاوبێت و بەپێچەوانەشەوە مەترسی هەڵاوسان دەکەن ئەگەر هاوسەنگی و هەماهەنگی نەبێت.
 
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، تائێستاش نرخی نەوت زیاتر لە بەرژەوەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و ئاماژەکان بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوتن، کەئەوەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی خواست لەسەر ئەو وزەیە دوای کرانەوە دامەزراوە پیشەسازییەکان و کەمبونەوەی ئامارەکانی توشبون بە کۆرۆنا، بەڵام بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ  دەرکردنی 50 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ چوار كۆگا سوته‌مه‌نییه‌كه‌یدا هەوڵێکە بۆ جێگیرکردنی بەهای نەوت و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی.

مانەوەی نەوت بەنرخێکی بەرز لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە کە خاوەنی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەجیهاندا
ئاماژەی بەوەشکردوە، ناکۆکی نێوان وڵاتانی خاوەن هەژمونی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای نەوت دەبێت، لەوانەش ناکۆکییەکانی پێشوی ئەمریکا و چین و سەپاندنی گورگی زیاتر بەسەر کاڵاکانی یەکتردا، بۆیە لەم دۆخەکەدا مانەوەی نەوت بەنرخێکی بەرز لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە کە خاوەنی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەجیهانداو بڕیارەکەی واشنتن دەرگا بەسەر زیادکردنی بەرهەمهێناندا دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا عێراق دەتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بکات.
 هەمو وڵاتان لەگەڵ جێگیری بەهای نەوتن بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ گەشەپێدان
راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، هەمو وڵاتان لەگەڵ جێگیری بەهای نەوتن بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابوری جیهانی، هەروەها کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت.

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵی جدی دەدەن بۆ دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی و بۆ ئەو مەبەستەش  لەگەڵ چەند وڵاتێک هەماهەنگیان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت هەیە، بەهۆی ناجێگیری بازاری سوتەمەنی ئەمڕۆ شەممە بەهای نەوت بەردەوام بو لە دابەزین و بەهای نەوتی برێنت بۆ 72.72 دابەزی، بەوپێیەش لە دو رۆژدا بەهای نەوت (9.73) دۆلار بەهاکەی لەدەستداوە.

نیشانەکردن

عێراق نەوت