کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر: 20% ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان له‌گه‌ڵ عێراق زیادکردوە

09:19 - 26/11/2021

1476جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر له‌میانی كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێودەوڵەتیی خشڵ و زێڕ لە هەولێر رایگه‌یاند، ساڵانە عێراق بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زێڕ هاوردە دەکات لەو بڕەش نزیکەی نیوەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەولێر پێشانگایەکی لەو جۆرە بکرێتەوە، ده‌شڵێت، "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی 20% ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان زیادی کردوە".

بە بەشداری 30 کۆمپانیای تورکی، ئیتاڵی و یەک کۆمپانیای کوردی پێشانگای نێودەوڵەتیی خشڵ و زێر لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر کرایەوە، پێشانگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا چەندین خشڵی جۆراوجۆر و زێڕ و ئامێری دروستکردنی خشڵ نمایش کراوە، بەئامانجی دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی فراوانتر لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئیتاڵیا لە بواری بازرگانیی خشڵ و زێڕدا.

تورکیا لەگەڵ عێراق بازرگانییەکی زۆر باشی هەیە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی 20% ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان زیادی کردوە
هاکان کاراچای، كونسوڵی گشتی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکەدا رایگه‌یاند، "تورکیا لەگەڵ عێراق بازرگانییەکی زۆر باشی هەیە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی 20% ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان زیادی کردوە، ئامانجی هەموشمان ئەوەیە ئەو بازرگانییە بەرەوپێش بچێت و لە سێکتەری زیاتر کاربکرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئەم جۆرە پێشانگایانە زۆر گرنگە کە بەتایبەت بۆ چەند سێکتەرێکی جیاواز دەکرێت، چەند رۆژێک پێش ئێستا پێشانگایەکی دیکەش کرایەوە و لەوێش نیوە زیاتری کۆمپانیاکان لە تورکیاوە هاتبوون".
 ساڵانە عێراق بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زێڕ هاوردە دەکات لەو بڕەش نزیکەی نیوەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت
هاکان کاراچای دەربارەی گرنگیی پێشانگاکە وتی، "ئێمە ئاگادارین ساڵانە عێراق بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زێڕ هاوردە دەکات لەو بڕەش نزیکەی نیوەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی ئەم پێشانگایە کراوەتەوە کە بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەولێر پێشانگایەکی لەو جۆرە بکرێتەوە".