ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

10:53 - 25/11/2021

42576جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ھێزێكی فه‌رمی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگا ئه‌ركی ده‌ستگیركردنی داواكراو موراد كانی كورده‌ییان له‌ شاری رانیه‌ پێسپێردرابو، به‌ڵام ناوبراو له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانیدا روبه‌ڕوی هێزه‌كه‌ بونه‌وه‌، كارمه‌ندێكی ئه‌منیان شه‌هیدكرد و سێ كه‌سی دیكه‌شیان برینداركرد.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ھێزێكی فه‌رمی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگا و سه‌روه‌ریی یاسا بۆ ده‌ستگیركردنی داواكراو (موراد كانی كورده‌یی) له‌ شاری رانیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و یاسایی ئه‌ركی ده‌ستگیركردنی ناوبراویان پێسپێردرا، له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ موراد كانی كورده‌یی و پاسه‌وانه‌كانی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بون روبه‌ڕوی ھێزه‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی ئه‌ركدا بون، كارمه‌ندێكی ئه‌منی به‌ ناوی شامیل زرار ئیسماعیل شه‌ھید ده‌كه‌ن و سێ كه‌سی تریش بریندار ده‌كه‌ن".

موراد كانی كورده‌یی و دو له‌ پاسه‌وانه‌كانی ده‌كوژرێن

راشیگه‌یاند، "له‌ئه‌نجامی وه‌ڵام و ده‌ستپێشخه‌ری یاساشكێنان و ھه‌ڵھاتوان، موراد كانی كورده‌یی و دو له‌ پاسه‌وانه‌كانی ده‌كوژرێن".

ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌دواداچون ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی ھه‌مو ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌م روداوه‌وه‌ 

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌دواداچون ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی ھه‌مو ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌م روداوه‌وه‌ و له‌دادگا ھه‌ڵھاتون و سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران راپێچی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كرێن".