سه‌رۆكی بیلاڕوسیا: بۆ هاوكاریكردنی كۆچبه‌ران یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌جێنه‌گه‌یاند

10:08 - 25/11/2021

2848جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

ئه‌لێكسانده‌ر لوكشینكۆ سه‌رۆكی بیلاڕوسیا ڕایگه‌یاند، یه‌كێتی ئه‌وروپا هیچ نیازپاك نه‌بو به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ به‌ وڵاته‌كه‌ی دابو، تا خه‌رجی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 200 كۆچبه‌ر بۆ عێراق له‌ئه‌ستۆ بگرێت.

ئه‌لێكسانده‌ر لوكشینكۆ  ڕایگه‌یاند، له‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی  مینسك نزیكه‌ی 200 (دوسه‌د) كۆچبه‌ری عێراقیان ئاماده‌كردوه‌، ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان، به‌ڵام تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان دیارینه‌كراوه‌.

یه‌كێتی ئه‌وروپا نیازپاك نه‌بو به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی پاره‌ بۆ كۆچبه‌رانی سنوری بیلاڕوسیا

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "یه‌كێتی ئه‌وروپا نیازپاك نه‌بو به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی پاره‌ بۆ كۆچبه‌رانی سنوری بیلاڕوسیا، كه‌ له‌كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن، ته‌نانه‌ت یه‌ك سه‌نتیشی ره‌وانه‌ نه‌كردوه‌".

تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی بیلاڕوسیا بارگرانی و ته‌واوی خه‌رجی پێداویستی و خواردنی كۆچبه‌رانی خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی خۆی

وتیشی، "تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی بیلاڕوسیا بارگرانی و ته‌واوی خه‌رجی پێداویستی و خواردنی كۆچبه‌رانی خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی خۆی، بێهه‌ڵویستی یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌و باره‌یه‌وه‌ و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی فه‌رمییه‌كانیش، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی سورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌، نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا دروستكردوه‌".

ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بڕیاریداوه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و 200 كۆچبه‌ره‌ی مینسك هه‌ڵپه‌سێرێت

سه‌رۆكی بیلاڕوسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بڕیاریداوه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و 200 كۆچبه‌ره‌ی مینسك هه‌ڵپه‌سێرێت، ئه‌مه‌ش جێیگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ تاكه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێننه‌وه‌، گه‌شتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ چه‌ند پاره‌ی تێده‌چێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بڕه‌كه‌ی زۆره‌، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ كه‌ خه‌رجی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ".

تا ئێستا چاره‌نوسی هه‌زاران كۆچبه‌ر له‌سه‌ر سنوره‌كانی بیلاڕوسیا و پۆڵندا به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی 431 كۆچبه‌ری كورد عێراقی، به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ نه‌كراوه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ پاڵپشتیكردنی پۆڵندا ڕێگه‌ به‌ كرانه‌وه‌ی هیچ سنورێك نادات تا كۆچبه‌ران بڕۆنه‌ ناو خاكی وڵاتانی وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌، نزیكه‌ی 200 كۆچبه‌ری دیكه‌ له‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مینسك ماونه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ ناو خاكی عێراق.

نیشانەکردن

عێراق