سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی فه‌تح: 90%ی هێزه‌ سیاسییه‌كان ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

09:13 - 25/11/2021

2951جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عدی خدران سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند، به‌ڕێژه‌ی 90%ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن.

عدی خدران رایگه‌یاند، "ئێمه‌ بۆچونمان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی تشرینی یه‌كه‌م نه‌گۆڕه‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاستی ده‌نگه‌كان نییه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی گه‌وره‌ هه‌بوه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی سیاسی به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئه‌جێندایه‌ك كه‌ به‌ ڕایگشتی عێراق ناسراوه‌".

به‌ڕێژه‌ی 90%ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌

وتیشی، "به‌ڕێژه‌ی 90%ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و چه‌ندین داواكاری و سكاڵایان تۆماركردوه‌ و ئاماژه‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها داوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی هه‌مو بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن یاخود داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن، چونكه‌ قبوڵ ناكرێت به‌ هه‌ڵبژاردنێكی گوماناویدا ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێندرێت".

خێرایی وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پشتگیریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان گومانه‌كان بۆ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌كه‌ زیاتر ده‌كه‌ن

باسی له‌وه‌شكرد، "خێرایی وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پشتگیریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێش ئه‌وه‌ی دادگا ئه‌نجامه‌كانیان په‌سه‌ند بكات یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ سكاڵاكان یه‌كلابكرێنه‌وه‌، نامه‌یه‌كی خراپه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر گومانه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كاته‌وه‌".

دوای جیاكردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ده‌نگه‌كان، كۆمسیۆن باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، دوا ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كانیش، جگه‌ له‌ موقته‌دا سه‌در كه‌ ، 73 (حه‌فتا و سێ) كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، لایه‌نه‌ شیعیه‌كان به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگیان كه‌میكردوه‌ و هاوپه‌یمانێتیه‌كیان له‌ژێر ناوی "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" پێكهێناوه‌ و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌رده‌بڕن و كۆی پرۆسه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.