وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: 1521 خوێندکارى دیکە لە زانکۆکان وەرگیران

07:47 - 25/11/2021

1841جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ئه‌نجامی تۆماركردنی سكاڵای خوێندكاران، 1521 (هه‌زار و پێنجسه‌د و بیست و یه‌ك) خوێندكاری دیكه‌ له‌زانكۆكان وه‌رگیران كه‌ پێشتر ناویان له‌هیچ شوێنێك نه‌هاتبوه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا له‌ پێناو ڕەخساندنى دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانى قۆناغى 12ی ئامادەیى ئەوانەى ناویان لەهیچ شوێنێک نه‌هاتبوه‌وە، دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵاى کردەوە، لەئەنجامى پێشکەشکردنى سکاڵاکان 1521 (هه‌زار و پێنجسه‌د و بیست و یه‌ك) خوێندکارى دیکە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى کۆنمرەکانیان بۆ ساڵى خوێندنى 2021-2022 گەڕایەوە".

پێویستە خوێندكاران هەفتەى داهاتو پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکانیانه‌وه‌ بکەن، بۆ خۆتۆمارکردن و جێبه‌جێكردنی مامەڵەکانیان

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاگادارى وەرگیراوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان ده‌كاته‌وه‌، پێویستە هەفتەى داهاتو پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکانیانه‌وه‌ بکەن، بۆ خۆتۆمارکردن و جێبه‌جێكردنی مامەڵەکانیان، به‌مه‌به‌ستی دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.

پێشتر ژماره‌یه‌ك له‌ده‌رچوانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناویان له‌هیچ كۆلێژ و زانكۆیه‌ك نه‌هاتبوه‌وه‌، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا، پاشانیش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاریدا پێداچونه‌وه‌ به‌ شێوازی وه‌رگرتنی ده‌رچوان له‌زانكۆ و په‌یمانگاكان ئه‌نجامبدات.

نیشانەکردن

خوێندنی باڵا