به‌شێكی دیكه‌ له‌كۆچبه‌رانی سنوره‌كانی بیلاڕوسیا و پۆڵندا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌

07:40 - 25/11/2021

1831جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، دو گه‌شتی تایبه‌تی دیكه‌ له‌مینسكی پایته‌ختی بیلاڕوسیاوه‌ بۆ به‌غدای پایته‌خت ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێكی دیكه‌ له‌و كۆچبه‌رانه‌ی له‌سنوره‌كانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵندا گیریانخواردوه‌.

عه‌باس عومران به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هێڵی ئاسمانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زیری گواستنه‌وه‌، دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی فه‌رمی له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان، دو گه‌شتی ڕاسته‌وخۆ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی مینسك ئه‌نجامده‌درێت، به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی عێراق كه‌ له‌و بیلاڕوسیا گیریانخواردوه‌.

ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی مرۆیی مه‌ترسیداردان

وتیشی، "هه‌مو پێداویستیه‌كان بۆ خزمه‌تكردنی كۆچبه‌ران دابینكراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی مرۆیی مه‌ترسیداردان".

نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار په‌نابه‌ر له‌سه‌رتاسه‌ری بیلاڕوسیا هه‌ن

پێشتر، ئاری جه‌لال سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران رایگه‌یاندبو، "نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار په‌نابه‌ر له‌سه‌رتاسه‌ری بیلاڕوسیا هه‌ن كه‌ زۆرترینیان خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێمی كوردستانن، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ بۆ چوار هه‌زار كۆچبه‌ر له‌سه‌ر سنورن".

18ی ئه‌م مانگه‌ش، 431 كه‌س له‌كۆچبه‌رانی سنوره‌كانی بیلاڕوسیا و پۆڵندا گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م كۆچبه‌رانی كورد ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ن قاچاخچی و تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به‌مرۆڤه‌وه‌، هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراون.

نیشانەکردن

كۆچبەر عێراق