تیمی كوردستانی رێكخراوی CPT: رێگری لە گردبونەوەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرا

06:36 - 25/11/2021

1071جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

تیمی كوردستانی رێكخراوی CPTی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌ رۆژی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندویژی دژ به‌ ژنان، له‌ سلێمانی و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌، رێگری له‌خۆپیشاندانی ژنان كراوه‌، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندانی خوێندكاران له‌ سێ رۆژی رابردودا كه‌ گرژی و ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خوێندكاران برینداربون، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانیش هۆشداریدا له‌وه‌ی، "خۆپیشاندانه‌كان به‌لاڕێدا براون".

تیمی كوردستانی رێكخراوی CPTی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئه‌و گردبونه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به‌ رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان له‌ سلێمانی ڕێكخرابون، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ڕێگری لێكرا، ڕێگا به‌وه‌ نه‌درا كه‌ خوپیشانده‌ران دروشمه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كان بدوێن".

خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ سێ رۆژی رابردودا به‌ڕێوه‌چو، له‌دو رۆژی رابردوشدا گرژی و ئاڵۆزی دروستبو

رێگریكردن له‌خۆپیشاندانی له‌خۆپیشاندانی ژنان له‌كاتێكدایه‌، خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ سێ رۆژی رابردودا به‌ڕێوه‌چو، له‌دو رۆژی رابردوشدا گرژی و ئاڵۆزی دروستبو، به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك برینداری له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خۆپیشانده‌ران لێكه‌وته‌وه‌، به‌یانی ئه‌مڕۆش خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان رایانگه‌یاند، "به‌پێویستی ده‌زانین خۆپیشاندانه‌كان بوه‌ستێنین تا كاتێكی گونجاو به‌جۆرێك بێت كه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ئامانج لا نه‌ده‌ن و ئه‌و كاره‌ جوانه‌ی رۆژانی پێشتر كراون، ناشرین نه‌كرێن".

91 كه‌س له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستگیركراون، كه‌ چوار كه‌سیان رۆژنامه‌وان بون

تیمی كوردستانی عێراقی CPT له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كان، 91 كه‌س له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستگیركراون، كه‌ چوار كه‌سیان رۆژنامه‌وان بون.

سه‌رجه‌م ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی ده‌ستگیركرابون ئازادكران

هاوكات، لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاندبو، لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانی خوێندكارانی سلێمانی و شارو شارۆچكەكانی دیكه‌ و پاشان گۆڕینی رێچكەی خۆپیشاندان بەرەو ئاقاری توندوتیژی و سوتاندنی بارەگاو فەرمانگەكان،  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بو، هه‌ر له‌سه‌ر بڕیاریش ئه‌ویش، سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوه‌كان ئازادكران.

نیشانەکردن

خۆپیشاندان