نامه‌و یاداشتی ئه‌فسه‌رێكی ئه‌مریكا نهێنیه‌ك له‌باره‌ی به‌ندكراوانی جه‌نگی عێراق و ئه‌فغانستان ئاشكراده‌كات

06:13 - 25/11/2021

3481جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

خێزانی ئه‌فسه‌رێكی پێشوی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، كوڕِه‌كه‌یان له‌ته‌مه‌نی 42 ساڵیدا له‌ خانه‌ی چاودێری ئه‌فسه‌رانی ئه‌مریكا گیانی له‌ده‌ستداوه‌ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی مردنیه‌وه‌ بزانن و كوڕه‌كه‌شیان زانیاری له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی تاوان به‌رامبه‌ر به‌ندكراوانی عێراق و ئه‌فغانستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات. 

خێزانی ئییان فێشباك ئه‌فسه‌ری پێشو له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئییانی كوڕیان له‌ ته‌مه‌نی 42 (چل و دو) ساڵیدا له‌ خانه‌ی چاودێری تایبه‌ت به‌ ئه‌فسه‌رانی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی میشیگان مردوه‌، به‌بی َئه‌وه‌ی هۆكاری مردنه‌كه‌ی دیاری بكرێت.

پرسیاری زۆرمان ده‌رباره‌ی مردنی كوڕه‌كه‌مان هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانین

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئییان به‌ده‌ست خه‌مۆكی و تێكچونی باری ده‌رونی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ ده‌یناڵاند بۆیه‌ گواستمانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی چاوێری تایبه‌تی ئه‌فسه‌ران، به‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌زمونی خراپدا تێپه‌ڕی بو كه‌ له‌ڕوی ده‌رونییه‌وه‌ ئازاریان ده‌دا، ته‌واوی هه‌وڵی خۆماندا تا له‌و دۆخه‌ی تێیدایه‌ ده‌ری بهێنین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ته‌واو بێهیوای كردبو، پرسیاری زۆرمان ده‌رباره‌ی مردنی كوڕه‌كه‌مان هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانین، به‌ڵام ده‌بێت یاسا كاری خۆی بكات، چونكه‌ له‌لای ئه‌و ته‌نها دادوه‌ری گرنگترین بوه‌".

به‌ندكراوان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان، ڕوبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و ئازاردانی نا مرۆڤانه‌ بونه‌ته‌وه‌

له‌ یه‌كێك له‌ یاداشته‌كانیدا، ئییان فێشباك نوسیویه‌تی، "له‌لایه‌ن فیرقه‌ی 82 (هه‌شتا و دو)وه‌ وته‌م لێوه‌رگیرا و منیش پێمڕاگه‌یاندن، به‌ندكراوان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان، ڕوبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و ئازاردانی نا مرۆڤانه‌ بونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك له‌ به‌ندكراوانیان خستوه‌ته‌ ناو كوره‌یه‌كه‌ و به‌ گه‌رمی سوتاندویانن، هه‌روه‌ها رێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌شێكیان بخه‌ون و بێزاریان كردون به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هۆكارێك هه‌بێت".

به‌ به‌رچاوی من و سه‌ربازه‌كانمه‌وه‌ ده‌ستدرێژی و كاری زۆر نه‌شیاو به‌رامبه‌ر به‌ندكراوان ئه‌نجامدراوه‌

ئییان فێشباك له‌ نامه‌یه‌كیشیدا بۆ جۆن مه‌كین سیناتۆری پێشوی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه‌، "به‌ به‌رچاوی من و سه‌ربازه‌كانمه‌وه‌ ده‌ستدرێژی و كاری زۆر نه‌شیاو به‌رامبه‌ر به‌ندكراوان ئه‌نجامدراوه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانم بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و كاره‌ نا مرۆڤانه‌یه‌، به‌ڵام نه‌متوانی ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبده‌م، بێده‌نگی ئێوه‌ش له‌و باره‌یه‌وه‌ دوجار هه‌ڵوێستی نیشتیمانیمی خستوه‌ته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ی ئییان فێشباك و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای دیكه‌ له‌كاتی جه‌نگی ئه‌فغانستان و عێراقدا، له‌ ساڵی 2005 خرانه‌ پێش ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا و به‌شێك له‌ تاوانبارانی ئه‌و تاوانانه‌ سزادران، له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی دورخرانه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هۆكاری مردنی له‌ ناكاوی ئییان فێشباك و چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی دیكه‌ش ئاشكرانه‌كراوه‌ و رون نیه‌.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا