وه‌زاره‌تی كاره‌با: له‌هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه‌ پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان زیاد ده‌كات

05:31 - 25/11/2021

6504جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌با، پێدانی كاره‌بای نیشتمانی به‌هاوڵاتیان كه‌مبوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ كاتیه‌ و له‌هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه‌، پێدانی كاره‌با زیاد ده‌كاته‌وه‌.

وەزارەتی کارەبا له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا، هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ 5000 مێگاوات، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نزم بوەتەوە، به‌ڵام هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەم بارودۆخە كاتییە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوه‌وه‌ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، پێشبینیدەكەین ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات بەرز بێتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش ئاسایی ببێتەوە".

وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی 165 مێگاواتی گه‌رمیان راوه‌ستاوه‌

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "هۆکاری کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەم چەند رۆژەی دواییدا، بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ وێستگەی بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتیی گەرمیان بە مەبەستی فراوانکردنی وێستگەكە و دانانی چەند یەكەیەكی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی 200 مێگاوات کارەبا ڕاوەستاوە".

هۆكارێكی دیكه‌ راوەستانی 130 مێگاوات كارەبایه‌ لە هێڵی توركیاوە

باسی له‌وه‌شكرد، هۆكارێكی دیكه‌ راوەستانی 130 مێگاوات كارەبایه‌ لە هێڵی توركیاوە كە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بڕدراوە، جگه‌ له‌وه‌ش هەردو یەكەی وێستگەی خەبات بەهۆی پرۆسەی چاككردنەوەوە راگیراون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتو بەگەڕ دەخرێنەوە".

نیشانەکردن

كاره‌با