بافڵ تاڵه‌بانی: پێشوازی له‌ ھه‌ر ھه‌وڵ و ھه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌ بنرێت بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك

05:19 - 25/11/2021

2787جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ یڤیس دوڤال، لێپرسراوی نوسینگه‌ی كه‌نه‌دا له‌ ھه‌رێم رایگه‌یاند، پێشوازی له‌ ھه‌ر ھه‌وڵ و ھه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌ بنرێت بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ئه‌وله‌ویه‌تی كاری یه‌كێتیش، بۆ سه‌رخستنی ھه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشه‌ییه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌هاوڵاتیان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی بافڵ تاڵه‌بانی، ئه‌مڕۆ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ ئاماده‌بونی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ده‌باشان پێشوازیكرد له‌ یڤیس دوڤال، لێپرسراوی نوسینگه‌ی كه‌نه‌دا له‌ ھه‌رێم، له‌ دیداره‌كه‌دا قۆناغی دوای ھه‌ڵبژاردن له‌ عێراق، به‌شداری كورد له‌ حكومه‌تی داھاتو، به‌ره‌وپێشچونی پرۆسه‌ی سیاسی و ئابوری و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و بازرگانییه‌كان له‌نێوان ھه‌ردولا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، بۆچون و ھه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌و روانه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكرا.

ھانی كۆمپانیا و خاوه‌نكاران بدرێت سه‌رمایه‌كانیان له‌ ھه‌رێم بخه‌نه‌ گه‌ڕ

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا ته‌ئكید له‌ ھه‌ماھه‌نگی و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابورییه‌كان له‌نێوان ھه‌رێم و كه‌نه‌دا كرایه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوری ھه‌رێم بكات، ھانی كۆمپانیا و خاوه‌نكاران بدرێت سه‌رمایه‌كانیان له‌ ھه‌رێم بخه‌نه‌ گه‌ڕ و ھاوكار بن بۆ بوژاندنه‌وه‌ی زیاتری بازاڕ و ره‌خساندنی ھه‌لی كار.

بۆ ئه‌مڕۆ پێكھێنانی حكومه‌تی خزمه‌تگوزار، كارا و چالاك پێویستی قۆناغه‌كه‌یه‌

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ به‌غدا و گۆڕانكارییه‌كان رونكردنه‌وه‌ی دایه‌ وه‌فدی میوان، پێی راگه‌یاندن، "بۆ ئه‌مڕۆ پێكھێنانی حكومه‌تی خزمه‌تگوزار، كارا و چالاك پێویستی قۆناغه‌كه‌یه‌ و وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی خواستی شه‌قام و داواكاری ھه‌مو لایه‌ك ده‌بێت كه‌ ئێمه‌ پشتگیری له‌م ھه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ین له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵك"، له‌باره‌ی كوردیشه‌وه‌، وتی، "یه‌كڕیزیمان و ته‌بایمان له‌ ناوه‌ند زامنی پاراستنی مافه‌كانمان ده‌بێت و له‌ ھه‌وڵی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی نیشتمانین تا به‌یه‌ك نامه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بچینه‌ گفتوگۆوه‌".

پێشوازی له‌ ھه‌ر ھه‌وڵ و ھه‌نگاوێك ده‌كه‌ین كه‌ بنرێت بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان رونیكرده‌وه‌، پێشوازی له‌ ھه‌ر ھه‌وڵ و ھه‌نگاوێك ده‌كه‌ین كه‌ بنرێت بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ئه‌وله‌ویه‌تی كاری یه‌كێتی بۆ سه‌رخستنی ھه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشه‌ییه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ خه‌ڵكی خۆمان و چاكسازییه‌كانی ناو رێكخراوه‌یی و حكومه‌تیش ھه‌ر له‌و پێناوه‌دایه‌".

نیشانەکردن

بافل تاڵەبانى