مەسرور بارزانی لەبارەی روداوەکەی کەناڵی ئینگلیز پەیامێک بڵاودەکاتەوە

03:09 - 25/11/2021

15522جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی،لەبارەی خنکانی  27 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزی نێوان فڕه‌نسا و بریتانیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،خەمبارین بەروداوەکە کەپێدەچێت ژماره‌یه‌كیان كوردبن، دەشڵێت رێگری دەکەین لەو کەسانەی بەرێگەی کۆچی نایاسایی خەڵک بەرەو مەرگ دەبن.

پێدەچێت ژماره‌یه‌كیان كوردبن، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ناسنامه‌كانیان دەستنیشان بکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "زۆر خه‌مبارم به‌ گیان له‌ده‌ستدانی 27 په‌نابه‌ر له‌ كه‌ناڵی ئینگلیزی (نێوان فڕه‌نسا و بریتانیا) له‌ شه‌وی رابردودا، کە پێدەچێت ژماره‌یه‌كیان كوردبن، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ناسنامه‌كانیان دەستنیشان بکەین، هاوخه‌می خۆشمان بۆ كه‌سوكاره‌كانیان ده‌رده‌بڕین".

ئەو روداوە مەترسی كۆچكردنی نایاسایی و ئەو قاچاخچیانەمان بیردەخاتەوە کە خەڵک بەرەو مەرگ دەبەن

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو روداوە مەترسی كۆچكردنی نایاسایی و ئەو قاچاخچیانەمان بیردەخاتەوە کە خەڵک بەرەو مەرگ دەبەن. پێویست هەمومان پێکەوە رێگریان لێ بکەین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی فڕەنسا بڵاویکردەوە، زۆرینەی ئەو 27 کۆچبەرەی شەوی رابردو لە کەناڵی ئینگلیز لەنێوان فڕەنسا و بریتانیادا خنکاون، هاوڵاتیانی کودی دانیشتوی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانن، هەروەها لەناو ئەوانەی خنکان ژنی دو گیان و سێ منداڵی تێدابوە.