حکومەتی فڕەنسا: زۆرینەی ئەو 27 کۆچبەرەی خنکاون کوردن

01:54 - 25/11/2021

6412جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حکومەتی فڕەنسا بڵاویکردەوە، زۆرینەی ئەو 27 کۆچبەرەی شەوی رابردو لە کەناڵی ئینگلیز لەنێوان فڕەنسا و بریتانیادا خنکاون، هاوڵاتیانی کودی دانیشتوی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانن، هەروەها لەناو ئەوانەی خنکان ژنی دو گیان و سێ منداڵی تێدابوە.

زۆرینەیان هاوڵاتیانی کوردی عێراق و ئێران بون

رۆژنامەی گاردیانی بریتانی لەزاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی فڕەنساوە بڵاویکردەوە، ئەو 27 کۆچبەرەی شەوی رابردو لە کەناڵی ئینگلیز لەنێوان فڕەنسا و بریتانیادا خنکان "زۆرینەیان هاوڵاتیانی کوردی عێراق و ئێران بون"، هەروەها لەناو ئەوانەی خنکاون ژن، هەرزەکار و منداڵیش بونیان هەیە.

دو کەس رزگارکراون کە یەکێکیان هاوڵاتی عێراقە و ئەویش دیکەشیان خەڵکی سوماڵە

ئاماژە بەوەشکراوە،  لەو روداوەدا دو کەس رزگارکراون کە یەکێکیان هاوڵاتی عێراقە و ئەویش دیکەشیان خەڵکی سوماڵە، ئەو دو کۆچبەرەش لە نەخۆشخانەی کالێ چارەسەری وەردەگرن و ژیانیان لەمەترسیدا نیە.

لەسەر ئەو روداوە و بەتۆمەتی بەقاچاغبردنی خەڵک پێنج کەسیان دەستگیرکراون

هاوکات دەسەڵاتدارانی فڕەنسا رایگەیاندوە، لەسەر ئەو روداوە و بەتۆمەتی بەقاچاغبردنی خەڵک پێنج کەس دەستگیرکراون، هەروەها پاریس داوای لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا کردوە کە روبەڕوی لێشاوی کۆچ بونەتەوە، هاوکاری یەکتربن بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بەقاچاغبردنی خەڵک و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

روداوەکەی شەوی رابردو بە گەورەترین رێژەی خنکانی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز دادەنرێت، جگە لەوەش له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌کەناڵەکەدا 3 (سێ) كۆچبه‌ر مردون و 4 (چوار) كۆچبه‌ری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن بون، له‌ ساڵی 2020شدا، 6 (شه‌ش) كۆچبه‌ر مردون و 3 (سێ) كۆچبه‌ریش بێسه‌روشوێن بون.