وەزارەتی کارەبا: پێوەری زیرەک بەفیڕۆچونی کارەبا بۆ 34% کەمدەکاتەوە

12:00 - 25/11/2021

4000جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 72% پێوەری زیرەک لە سەرتاسەریی هەرێمی کوردستان بەستراون و لەگەڵ کۆتاییهاتنی پرۆسەکەش، بە فیڕۆچونی كارەبا لە 45%ەوە بۆ 34%  کەمدەبێتەوە و کەس ناتوانێت بە سەرپێچی و نایاسایی کارەبا لە دەرەوەی پێوەرەکە ڕابکێشێت و مافی خەڵکی دیکە پێشێل بکات. 

پێوەری زیرەک باشترین میکانیزمە بۆ دابینکردنی دادپەروەری لە پێدانی کارەبا
وەزارەتی کارەبا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، پێوەری زیرەک باشترین میکانیزمە بۆ دابینکردنی دادپەروەری لە پێدانی کارەبا، سەقامگیرکردنی دۆخی کارەبا و کۆنترۆڵکردنی کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دایە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بە شێوەیەکی دروست و بە رێژەی دیاریکراو کارەبا بەکار دێنن. 

ئەوەش هاتوە، لە گرنگترین سودەکانی پێوەری زیرەک ئەوەیە بە فیڕۆچونی كارەبای لە 45% بۆ 34% کەمکردوەتەوە. هەروەها سەرپێچیی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا کەم کردوەتەوە و کەس ناتوانێت بە سەرپێچی و نایاسایی کارەبا لە دەرەوەی پێوەرەکە ڕابکێشێت و مافی خەڵکی دیکە پێشێل بکات. 
رێگە نادات هیچ هاوبەشێکی لە مافی خۆی زیاتر کارەبا بەکار بێنێت
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پێوەرە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کارەبای بۆ هاوبەشانی دابینکردوە و رێگە نادات هیچ هاوبەشێکی لە مافی خۆی زیاتر کارەبا بەکار بێنێت. بۆیە دوای تەواوبونی پرۆژەكە كارەبایەكی سەقامگیر و باش بۆ هاوبەشانی دەستەبەر دەکات و  بارزۆریی لەسەر تۆرەکانی کارەبا چارەسەر دەکات. 

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بە کەمکردنەوەی خواستیش لەسەر كارەبا، کرێی کارەبای کەم دەبێتەوە، هەروەها  ئەو هاوبەشانەی کە بە وزەی خۆر کارەبا بەرهەم دێنن، دەتوانن کارەبای زیادەیان لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە بە حکومەت بفرۆشنەوە.

نیشانەکردن

کارەبا