پلانە ئابورییەکەی بایدن، نرخی نه‌وت لەجیهاندا بەرزدەکاتەوە

09:14 - 25/11/2021

2627جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵی جدی دەدەن بۆ دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی و بۆ ئەو مەبەستەش  لەگەڵ چەند وڵاتێک هەماهەنگیان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت هەیە، بەهۆی ناجێگیری بازاری سوتەمەنی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای نەوت بەردەوام بو لە بەرزبونەوە و بەهای نەوتی برێنت بۆ 82.45 دۆلار بەرزبوەوە.

 نەوتی برێنت بەرێژەی 0.2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 82.45 دۆلار

دوای ئەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلانی ئابوری خۆی لەبواری سوتەمەنیدا خستەڕو و باسی لەوەکردبو، "بەهێزانە روبەڕوی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و هەوڵی جدی دەدەین بۆ دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی"، ئه‌مڕۆ پێنجشەممه‌ بەهای نەوتی برێنت بەرێژەی 0.2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 82.45 دۆلار، هەروەها بەهای به‌رمیلێك نه‌وتی ته‌كساسیش به‌ 78.44 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

ئەمریکا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لە چوار کۆگا سوتەمەنییەکەی دەردەکات 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەم کاتەدا روبەڕوی بەرزبونەوەیەکی خێرای نرخی سوتەمەنی دەبێتەوە و کار دەکات بۆ دابەزاندنی نرخەکەی و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە نەوت و سوتەمەنی دروستبوە.  بۆ ئەو مەبەستەش 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لە چوار کۆگا سوتەمەنییەکەی ئەمریکا دەردەکات کە بە "یەدەگی ستراتیژیی پێترۆڵ" دەناسرێت، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ چەندین وڵات دەبێت بۆئەوەی کاریگەرییەکەی لەسەر ئاستی جیهان بێت.

ساڵی 2022 جارێكی دیكه‌ خواست له‌سه‌ر ئه‌و وزه‌یه‌ رو له‌دابه‌زین ده‌كات

پەیوەست بەم بابەتەش كارۆلین باین، راوێژكاری ئابوری له‌دامه‌زراوه‌ی ئیكۆنومیكس رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كه‌ن تا كۆتایی ئه‌مساڵ خواست له‌سه‌ر نه‌وت زیاتربێت و ده‌گاته‌ به‌رزترین ئاست، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2022ه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ خواست له‌سه‌ر ئه‌و وزه‌یه‌ رو له‌دابه‌زین ده‌كات.

نیشانەکردن

نەوت