پۆلیسی هەولێر: تەرمی هاوڵاتییەک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە

08:22 - 25/11/2021

4578جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو لە شەقامی کۆرنیشی شاری هەولێر  تەرمی هاوڵاتییەکی تەمەن 58 ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتوە هۆکاری مردنی ئەو کەسە "جەڵتە" بوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، "شەوی رابردو ھێزەکانمان ئاگادار کرانەوەکە کەسێک لە شەقامی کۆرنیش نزیک بەنزینخانەی سیڤەر لە نێو ئۆتۆمبێلی جۆری کیا بارھەڵگر گیانیلەدەستداوە، بۆیە دەست بەجێ ھێزەکانمان لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆلێنەوە کرد".

تەمەنی 58 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە
ئەوەش هاتوە، لەدەرئەنجامدا دەرکەوت ئەو کەسەی مردوە ناوی (دڵشاد قەرەنی عەزيز)ە و تەمەنی 58 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کرا.
هۆکاری مردنی ئەو هاوڵاتییەش بەھۆی جەڵتەوە بوە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، هۆکاری مردنی ئەو هاوڵاتییە "بەھۆی جەڵتەوە" بوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەراوی لێکۆلینەوەی بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی داواکاری مافی کەسی.

نیشانەکردن

هەولێر