بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

12:54 - 25/11/2021

30077جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر رایگەیاند، پشتیوانی داواکانی خۆپیشاندەران دەکەن بەڵام "هەر لایەن و گروپێکی سیاسی یاخود کەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بەتوندی ڕوبەڕویان دەبینەوە و وە دڵنیایی بە خەلکی کوردستان و خوێندکاران دەدەین پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ئەستۆی ئێمەدایە".

بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر ئەمشەو لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، "لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان زۆر بەڕونی و بە ئاشکرایی پشتیوانی ڕاستەقینەی داواکارییەکانیان دەکەین وە هێزی بنەڕەتی پاراستنیانین چونکە ڕۆڵەی خۆمانن و مافی یاسایی خۆیانە کە حکومەتی هەرێم مافی دەرەماڵە و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات". 

لێرەو لەوێ ئاراستەی ناڕەزاییەکان تێک دەدرێت پێش ئێمە پێویستە خوێندکاران بەگژ ئەو دەستانەدا بچنەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ ئاراستەی ناڕەزاییەکان تێک دەدرێت پێش ئێمە پێویستە خوێندکاران بەگژ ئەو دەستانەدا بچنەوە کە ڕێگەی ئامانجە ڕەواکەیان لێ تێک دەدات لەبەرامبەدا ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیان وەک هەمیشە بپارێزین و بەرگری لە داموو دەزگاکانی میری بکەین کە مووڵکی گشتین". 

هەر لایەن و گروپێکی سیاسی یاخود کەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بەتوندی ڕوبەڕویان دەبینەوە

لە راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر دەڵێت، "هەر لایەن و گروپێکی سیاسی یاخود کەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بەتوندی ڕوبەڕویان دەبینەوە و وە دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان و خوێندکاران دەدەین پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ئەستۆی ئێمەدایە و بڕینەوەی دەستی تێکدەرانیش تەنها لە پێناو ئامانجە سەرەکییەکەی خۆپیشاندەردایە".