شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی: له‌گه‌ڵ داواكاری خوێندكارانداین و دژی توندوتیژی و تێكدانین

11:22 - 24/11/2021

2815جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی كه‌سنه‌زانی پاڵپشتی خۆی بۆ خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، پێویسته‌، هیچ كه‌س و ده‌ستێكی شاراوه‌ ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كان".

له‌په‌یامێكدا، شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی رایگه‌یاند، "پشتگیری له‌خوێندكارانی خۆپیشانده‌ر ده‌كه‌ین له‌هه‌مو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتی له‌ مافه‌ ره‌واكانیان ده‌كه‌ین".

داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌زوترینكات سه‌رجه‌م مافه‌ یاسایی و ره‌واكانیان بۆ دابین بكات

وتیشی، "پشتگیریمان له‌گه‌نجان و خوێندكاران ئه‌ركێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌، داواش له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌زوترینكات سه‌رجه‌م مافه‌ یاسایی و ره‌واكانیان بۆ دابین بكات و خوێندكاران مه‌شخه‌ڵ و هیوای داهاتوی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مانن".

نه‌وه‌كانمان نه‌خرێنه‌ نێو ململانێ‌ سیاسیه‌ نه‌خوازراوه‌كان و ئامانجه‌ راست و ره‌واكانی خۆپیشاندانه‌كان به‌لاڕێدا نه‌برێن

هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا، شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی هیوای خواست خۆپیشاندانه‌كان ئاڕاسته‌ی راست و دروستیان هه‌بێت و دوربێت له‌هه‌مو جۆره‌كانی توندوتیژی و خوێندكاران و "نه‌وه‌كانمان نه‌خرێنه‌ نێو ململانێ‌ سیاسیه‌ نه‌خوازراوه‌كان و ئامانجه‌ راست و ره‌واكانی خۆپیشاندانه‌كان به‌لاڕێدا نه‌برێن و نه‌گوڕدرێن بۆ توندوتیژی و ماڵوێرانی زیاتر".

سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی كه‌سنه‌زانی داواشیكرد هیچ كه‌س و ده‌ستێكی شاراوه‌ش ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كان و پێویسته‌ پارێزگاری موڵك و مومته‌له‌كاتی گشتی بكرێت و سوكایه‌تی به‌هیچ مرۆڤێك نه‌كرێت.