وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: چه‌ند كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ له‌ سلێمانی سوكایه‌تیان به‌ئاڵای كوردستان كرد

08:41 - 24/11/2021

3101جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕێك پاره‌ بۆ هاوكاری خوێندكارانی كه‌مده‌رامه‌ت و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری له‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان دابینده‌كرێت و ده‌شڵێت، "چه‌ند كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ له‌ سلێمانی سوكایه‌تیان به‌ ئاڵای كوردستان كردوه‌ و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی قبوڵ نیه‌ و رێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر".

جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، بڕیاریدا پشتیوانی دارایی بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ته‌رخان بكات به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی دۆخی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و باشتركردنی دۆخی گوزه‌رانی خوێندكارانی كه‌مده‌رامه‌ت.

سوكایه‌تیكردن له‌ژێر هه‌ر ناوێك به‌ره‌مز و سه‌روه‌ری و هێماكانی هه‌رێمی كوردستان نه‌خوازراوه‌ و جێگه‌ی قبوڵكراو نییه‌

وتیشی، "وه‌ك حكومه‌تی مافی خۆپیشاندانمان فه‌راهه‌م كردوه‌، ئه‌مه‌ مافێكه‌ بۆ هه‌ر تاكێكی ئازاد، به‌ڵام سوكایه‌تیكردن له‌ژێر هه‌ر ناوێك به‌ره‌مز و سه‌روه‌ری و هێماكانی هه‌رێمی كوردستان نه‌خوازراوه‌ و جێگه‌ی قبوڵكراو نییه‌، له‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌ سلێمانیش به‌ڕێوه‌چو، چه‌ند كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ ئاڵای كوردستانیان ژێرپێكرد و سوكایه‌تیان كرد، وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م ره‌فتاره‌ ده‌كه‌ین، ئه‌م ئاڵایه‌ هیچ حزبێك و هیچ حكومه‌تێك نیه‌ به‌ڵكو هی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌هه‌زاران گه‌نج و پیر له‌و پێناوه‌دا خوێنیان رشتوه‌، داواش له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدجار ده‌كه‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ راپێچی دادگا بكه‌ن و بگه‌ن به‌سزای خۆیان".

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزی چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌ بۆ خوێندكاران دابین بكه‌ن

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزی چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌ بۆ خوێندكاران دابین بكه‌ن، تا خوێندكاران به‌پێی یاسا و رێكاره‌كان داواكاریه‌كانیان بخه‌نه‌ڕو، رێگری له‌ هه‌ندێك كه‌سیش بكه‌ن كه‌ خۆیان خزاندوه‌ته‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان و بونه‌ته‌ هۆی فه‌وتانی موڵك و ماڵی خه‌ڵك، پێویسته‌ یاسا له‌و ڕوه‌وه‌ په‌یڕه‌و بكرێت".

جوتیار عادل ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، لیژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه‌ به‌ ئه‌ندامێتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی دارایی و دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دیراسه‌تی كه‌مده‌رامه‌تی به‌شێك له‌ خوێندكاران ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پاره‌ بدرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر بابه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ ڕێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌لاڕێدا ببرێت، ئه‌م ره‌فتارانه‌ی ده‌كرێن ره‌فتاری خوێندكاران نیین، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك خۆیان بخزێننه‌ ناو خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، له‌ئامانجه‌كه‌یان ده‌رده‌چن، هه‌ركه‌سێك پێشێلی یاسا بكات و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر".