موقته‌دا سه‌در: به‌شداری له‌حكومه‌تی ته‌وافوقیدا ناكه‌ین

07:10 - 24/11/2021

2364جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هۆشداریدا له‌ "دزینی كورسی كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆ" و راشیگه‌یاند، به‌هیچ جۆرێك به‌شداری له‌حكومه‌تی ته‌وافوقیدا ناكه‌ن. 

موقته‌دا سه‌در له‌ وتارێكدا و له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ژماره‌یه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆی ده‌رچو بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، "ده‌بێت ئه‌م دانیشتنه‌ وه‌ك كۆبونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانیانه‌ بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه‌وه‌، نه‌ك نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و ته‌نها بۆ كوتله‌یه‌ك بێت".

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پرۆسه‌یه‌كی جوان و گرنگ و به‌رهه‌مهێنه‌ر بو، بوه‌ هۆكار بۆ سه‌ركه‌وتنی چینێكی سه‌ربه‌خۆی جیاواز له‌ حزبه‌كان

وتیشی، "هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پرۆسه‌یه‌كی جوان و گرنگ و به‌رهه‌مهێنه‌ر بو، بوه‌ هۆكار بۆ سه‌ركه‌وتنی چینێكی سه‌ربه‌خۆی جیاواز له‌ حزبه‌كان، ئه‌مه‌ش وێنه‌یه‌كی جوانه‌ به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن بۆ خۆیان و حیزبه‌كانیان به‌ترسناكی ده‌زانن، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی جوانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی دروستكرد به‌راورد به‌و وێنه‌ كۆنه‌ی له‌ڕابردودا هه‌بو".

كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناو له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا له‌هه‌وڵی كڕین و دزینی ده‌نگی كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكاندان

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناو له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا له‌هه‌وڵی كڕین و دزینی ده‌نگی كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكاندان و ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی ره‌تكراوه‌یه‌، پێویسته‌ كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكانیش شكۆی خۆیان و ده‌نگده‌ره‌كانیان بپارێزن و له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا، خۆیان نه‌فرۆشن به‌حزبه‌كان. 

كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك لایه‌نی له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتن دودڵ نین

موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌شكرد، "كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك لایه‌نی له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتن دودڵ نین، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و ئه‌گه‌ری كه‌وتنیان رونه‌ و سه‌رنه‌كه‌وتون، بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ هێرش و ترس و تۆقاندن، ئاماده‌م هه‌ر خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكان بكه‌م".

ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تێكی زۆرینه‌، هه‌ماهه‌نگیمان له‌ئاستێكی باڵادا ده‌بێـ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆن

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تیش رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تێكی ته‌وافوقیدا ناكه‌ین و له‌هه‌وڵی ته‌واودا ده‌بین بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی زۆرینه‌، هه‌روه‌ها بونی سه‌ربه‌خۆیی كاندیده‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ زۆرینه‌یان ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن گرنگه‌، ئێمه‌ش وه‌ك حكومه‌تێكی زۆرینه‌، هه‌ماهه‌نگیمان له‌ئاستێكی باڵادا ده‌بێـ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆن".

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ده‌نگێكی ڕون و ئاشكرایان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی وڵات دروستبكرێت نه‌ك ته‌نیا ناكۆكی و سازش به‌ڵكو بۆ بنیاتنان و دروستكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عێراق بكه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش له‌ پشت سنوره‌كانه‌وه‌ فه‌رمان وه‌رنه‌گرن".

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در