تەندروستی بریتانیا لەبارەی پشکنینی کۆرۆنا رێنمایی نوێ بڵاودەکاتەوە

03:53 - 24/11/2021

1148جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا ڕایگه‌یاند، تەندروستی وڵاتەکەیان رێنمایی هاوڵاتیان دەکات كه‌ هەفتانە پشكنینی  پێوانه‌ی به‌رگری جەستە ناسراو بە (LFTs) ئه‌نجامبده‌ن، پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان، هەروەها لەم کاتەدا " پێویست نییه‌ حكومه‌ته‌كه‌مان پلانی B جێبه‌جێ بكات."

له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوجار پشكنینی پێوانه‌ی به‌رگری جەستە ناسراو به‌ ( LFTs) ئه‌نجامبده‌ن
نوسینگه‌ی بۆریس جۆنس، سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، رێنمایی هاوڵاتیانی خۆیانكردوه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوجار پشكنینی پێوانه‌ی به‌رگری جەستە ناسراو به‌ ( LFTs) ئه‌نجامبده‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خێزانەکان خوێندكاری خوێندنگه‌ سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان هه‌بو و به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی خۆیاندا هه‌یه‌.

باس لەوەشکراوە، "هاوڵاتیانمان له‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیداردا ده‌بن به‌وه‌ی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببن یان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بن به‌ چونیان بۆناو شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان یاخود شوێنه‌ داخراوه‌كان، بەتایبەت کە له‌وانه‌یه‌ كه‌سانی توشبوی کۆرۆنا بونیان هەبێت و خۆیان هەستیان پێنەکردبێت".
پێویست نییه‌  جوڵه‌ی خێرای له‌به‌رامبه‌ردا بكرێت به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی  پلانی B
نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا دەڵێت،  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ڕۆژ به‌ڕۆژ داتاكانی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان، بەڵام لەم کاتەدا پێویست نییه‌  جوڵه‌ی خێرای له‌به‌رامبه‌ردا بكرێت به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی  پلانی B کە بریتییە لە (ماسکی ناچاری و وەرگرتنی ڤاکسین بە ناچاری)، له‌و بڕوایه‌شدان كه‌ باری ته‌ندروستی بریتانیا زۆر باشترە له‌ باری ته‌ندروستی هه‌ردو وڵاتی ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا.

ڕۆژی دوشمه‌ی ڕابردوش، بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانی ڕایگه‌یاند، پێویست نییه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی پلانی B جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ئاماره‌كانی ته‌ندروستی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر له‌ هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامدایه‌.