پوتین: روسیا و جیهانی ئیسلامی هاوڕان لەسەر بونیادنانی جیهانێکی دیموکرات و دادگەر

03:37 - 24/11/2021

726جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەیان و جیهانی ئیسلامی لەبوارەکانی بونیادنانی جیهانێکی دیموکرات و دادپەروەر کە یاسا و پێکەوەژیان تیایدا سەروەر بێت، هاوڕان و کاری بۆ دەکەن هەروەها هەردولا دژی جیاکاری و توندڕەوین.

ڤلادیمێر پوتین لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی کۆنگرەی "روسیا و جیهانی ئیسلامی" کرد کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەپارێزگای جەدە لەسعو بەڕێوەچو باسی لەوەشکردوە، "گفتوگۆ و هاوکاری یەکتری هەنگاوێکی گرنگە و مۆسکۆ گرنگییەکی زۆر دەدات بەگەشەپێدانی پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت کە هەردولامان هاوڕاین لەسەر بونیادنانی جیهانێکی دیموکرات و دادگەر".

 روسیا و جیهانی ئیسلامی دژی جیاکاری و بەکارهێنانی هێزن بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان

ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا و جیهانی ئیسلامی هەردوکیان لەچەندین بواری هەرێمی و نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بۆچونیان لەیەکەوە نزیکە بەتایبەت کە هەردولا خواستی بونیادنانی وڵاتی یاسا و پێکەوەژیانیان هەیە و دژی جیاکاری و بەکارهێنانی هێزن بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

سەرۆکی روسیا ئەوەشی خستەڕو، ئەو کۆنگرەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە باس لە چۆنیەتی چارەسەری ململانێ هەرێمییەکان، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی دەکات، ئەوە جگە لە باسکردن لە بوارەکانی هاوکاری بازرگانی، زانستی، ئابوری و هاوکاری مرۆیی.

نیشانەکردن

روسیا