شازادەی جێنشینی ئیمارات دوای نۆ ساڵ سەردانی تورکیا دەکات

01:03 - 24/11/2021

1366جار خوێندراوەتەوە
دیدارێکی رەجەب تەیب ئەردۆگان و محەمەد بن زاید - ساڵی 2012

خەندان-

بۆ یەکەمجار دوای نۆ ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە، ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئیمارات لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، پرسە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە و هەنگاوەکانی باشترکردنی تاوتوێ دەکرێن
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئیمارات دەگاتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە، لە کۆبونەوەکەشدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە و هەنگاوەکانی باشترکردنی لەگەڵ ژمارەیەک پرسی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
 دوای خۆپیشاندانەکانی سوریا پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێپەڕی
سەردانەکەی شازادەی جێنشینی ئیمارات یەکەمین سەردانە لەدوای ساڵی 2012ەوە بۆ تورکیا، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا و بەدیاریکراوی دوای خۆپیشاندانەکانی سوریا لە ساڵی 2011دا  پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێپەڕی، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە پەیوندییەکانی نێوان هەردو وڵات ئاسایی بونەتەوە و لەماوەی رابردودا بەرپرسانی ئیمارات چەند جارێک سەردانی تورکیایان کردوە.
     قەبارەی بازرگانییە نانەوتییەکان نزیکەی 90 ملیار دۆلار بوە
سەرەڕای ناکۆکی و ئاڵۆزییە سیاسییەکان، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردو وڵات لە نۆ ساڵی رابردودا ئاسایی بوە، بەجۆرێک لە 10 ساڵی رابردودا قەبارەی بازرگانییە نانەوتییەکان نزیکەی 90 ملیار دۆلار بوە.

نیشانەکردن

تورکیا ئیمارات