سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: حکومەت لەتوانایدا هەیە دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکات

10:09 - 24/11/2021

2816جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی داواکاری خوێندکاران بۆ پێدانی دەرماڵەکانیان رایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە دەرماڵە دەیانگرێتەوە نزیکەی 124 هەزار خوێندکارن و ئەگەر بە هەر رێژەیەک هەژماری بکەیت بۆ وەزارەتی دارایی، بڕەکەی هێندە زۆر نیە کە حکومەتی هەرێم نەتوانێت بیدات، دەشڵێت، "حکومەت ئەگەر نەتوانێ، دەبێت رونکردنەوە بدات لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەوەی کە بۆچی ناتوانێت دەرماڵەی خوێندکاران بدات، بەڵام پەرلەمان و ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکان رامانوایە کە دەرماڵەی خوێندکاران بڕێکی زۆر نیە کە حکومەت نەتوانێت دابینی بکات".

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەد ئامادە و پێشکەش دەکرێت، لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان رایگەیاند، "ئێمە وەکو ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەین و دەسەڵاتەکانمان بریتیە لە چاودێری، بۆ رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی لەسنوری جوگرافیای ئەنجومەنی پارێزگادا، بڕگەی 11 لە ماددەی 6ی یاسادا دەڵێت کە ئەنجومەن دەسەڵاتی چاودێریان بەسەر دامودەزگاکانی سنوری سنوری جوگرافیا هەیە جگە لە دادگاکان، پاسەوانی هەرێم و خوێندنی باڵا و ئەو فەرمانگانەی کە فیدڕاڵین، بەڵام داخوازی و داواکاری خوێندنکاران بە رەوا دەزانین من پێشمناخۆشە وا دەڵێم چونکە هەرکەسێک بینراوە پشتیوانی بۆ دەربڕیون، بەڵام دەسەڵاتەکەی ئێمە لەبەرئەوەی کە تەنفیزی نیە بۆیە پشتیوانیان دەکەین و رۆژی سێشەممەش نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی کردوە بۆ ئەوەی خوێندکاران جارێکی دیکە دەرماڵەیان پێبدرێت و لیژنەی ناوخۆشمان راسپارد کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گرژییەکان".

 پێویستە پەرلەمان بەشێوەیەکی باشتر بێتە سەرخەت و بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران بکرێت بە یاسا 
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتێکی لۆکاڵیە بەڵام دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتێکی گشتگیرە بۆ هەمو هەرێمی کوردستان، پێویستە پەرلەمان بەشێوەیەکی باشتر بێتە سەرخەت و بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران بکرێت بە یاسا هەرچەندە ئاگاداری ئەوەن کە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەداوە کە پێویستە هەربابەتێک و دەرماڵەیەک کە رەهەندی دارایی هەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە دەبێت هەمو دامەزراوەکان کۆدەنگی دروست بکەن لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بابەتەکە بباتە پەرلەمان وبکرێت بە یاسا مانگانە ئەو پارەیە وەربگرن، خوێندکاران بەتایبەتی ئەوانەی کە لەدەرەوە دێن بۆ خوێندن بەراستی شایستەی هەمو رێزگرتن و هاوکاری و پشتیوانیەکن.
 بابەتی بەشە ناوخۆییەکان دەبو خوێندکاران خۆشیان لەبارەی کەموکوڕییەکانیان یاداشتێکیان ئاڕاستە بکردایە 
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەر لە دەستپێکردنی خوێندن بەدواداچونی نەکردوە بۆ کێشەی خوێندکاران تاوەکو خۆپیشاندان دروست نەبێت، بەتایبەتی کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر خەڵک برینداربون، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەکرد، "ئاماژە بە یاساکە کرد کە تاڕادەیەک رێگەی نەداوە بە چاودێری لەسەر زانکۆکان و پەیمانگەکان، بەڵام لیژنەی پەرورەدەی ئێمە گوێمان بەوە نەداوە و ئەو سنورەشمان بەزاندوە و لەچوارچێوەی بەدواداچونەکانمان کاری پێویستمان ئەنجامداوە، بەڵام بابەتی بەشە ناوخۆییەکان دەبو خوێندکاران خۆشیان لەبارەی کەموکوڕییەکانیان یاداشتێکیان ئاڕاستە بکردایە بۆ ئەوەی لە رێگەی لیژنەی پەروەردە و سەرۆکایەتی بنمانتوانیایە لەکاتی خۆیدا بکەین".
خوێندکاران وتار و نوسراویان ناوێت بەڵکو هەر کەسێک بچێت قسەیان بۆ بکات راستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بدات
لەبارەی ئەوەی بۆچی نەچونەتە ناو خۆپیشاندانی خوێندکاران کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردوە، ئازاد حەمەئەمین ئەوەی خستەڕو، "ئەوان لە دروشمەکانیان دەڵێن، وتار و نوسراویان ناوێت بەڵکو هەر کەسێک بچێت قسەیان بۆ بکات راستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بدات، ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، بۆیە ئەگەر بچوینانە رەنگە نەبوینایەتە جێگەی رەزامەندی و داخوازییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەین".
"ئەو خوێندکارانەی کە دەرماڵە دەیانگرێتەوە نزیکەی 124 هەزار خوێندکارە و ئەگەر بە هەر رێژەیەک هەژماری بکەیت بۆ وەزارەتی دارایی، پێموایە بڕەکەی هێندە زۆر نیە حکومەتی هەرێم نەتوانێت بیدات
لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەت لەتوانایدا هەیە کە ئێستا دەرماڵەی خوێندکاران بگەڕێنێتەوە، ئازاد حەمە ئەمین وتی، "ئەو خوێندکارانەی کە دەرماڵە دەیانگرێتەوە نزیکەی 124 هەزار خوێندکارە و ئەگەر بە هەر رێژەیەک هەژماری بکەیت بۆ وەزارەتی دارایی، پێموایە بڕەکەی هێندە زۆر نیە حکومەتی هەرێم نەتوانێت بیدات، بۆیە ئەگەر نەشتوانێ دەبێت رونکردنەوە بدات لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەوەی کە بۆچی ناتوانێت دەرماڵەی خوێندکاران بدات، بۆ ئەوەی خوێندکارانیش بگەنە ئەو رایە، بەڵام پەرلەمان و ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکان رامانوایە کە دەرماڵەی خوێندکاران بڕێکی زۆر نیە کە حکومەت نەتوانێت دابینی بکات و پێویستە بەرنامەو پلانی هەبێت و بکرێت بە یاسا بۆ ئەوەی هەمو ساڵێک ئەم کێشەیە دوبارەنەبێتەوە".
هەردولا هاوڕابون کە داوای خوێندکاران رەوایە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەهیچ شێوەیەک توندوتیژی بەکارنەهێنێت بەرامبەر بە خوێندکاران
لەبارەی گرژییەکان لەنێوان خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و هێزە ئەمنییەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی، "لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس کردوە و لە یاداشتێکی چەند خاڵیکدا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کردوە و کۆمەڵێک خاڵی تێدایە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە ک ئەفسەرێک و نۆ پۆلیس لە خۆپیشاندانی رۆژی دوشەممە برینداربون هاوشان لەگەڵ بریندارانی خوێندکاران، هەردولا هاوڕابون کە داوای خوێندکاران رەوایە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەهیچ شێوەیەک توندوتیژی بەکارنەهێنێت بەرامبەر بە خوێندکاران پێموایە خۆشیان بەڵێنیان دابو بە لیژنەی ناوخۆ کە توندوتیژی بەکارناهێنێت و هەر کەرەستەیەک بەکاربهێنن دەبێت لەچوارچێوەی یاسا رێگە پێدراوەکان".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێیان وایە کە گرژییەک لەنێوان خوێندکاران دروستبوە کە رەنگە هەندێگ دروشم و شێوازی هێرشبردن وایکردبێت کە گرژیی روبدات
لەبارەی ئەوەی ئایا هۆکار گرژییەکان لێکتێنەگەیشتنە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران یاخود خەڵکی تر هاتونەتە نێو خۆپیشاندەران، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رونیکردەوە، "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێیان وایە کە گرژییەک لەنێوان خوێندکاران دروستبوە کە رەنگە هەندێگ دروشم و شێوازی هێرشبردن وایکردبێت کە گرژیی روبدات، ئەوەی کە چاودێری خۆپیشاندانەکەی کردوە تەنها پۆلیسی سلێمانی بوە و ئەوان بە ئەرکیان زانیوە کە بەهەمو شێوەیەک سەلامەتی گیانی خوێندکاران بپارێزن".
داهاتی خاڵە سنوریەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەبارەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی، ئازاد حەمەئەمین وتی، "داهاتی خاڵە سنوریەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران هەمو پارەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش لە سلێمانی دابنێ کەس ناتوانێت خەرجی بکات، ئێمە وەکو ئەنجومەنی پارێزگا لە پێشتریش سیستمی لامەرکەزیمان وەکو بەشێک لە چارەسەر زانیوە و بۆ ئەوەی ئەو داهاتانەی کە لەشارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و داهاتی زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاو کە داهاتی خۆیان هەیە لەڕێگەی سیستمی لامەرکەزییەوە بۆخۆیان خەرج بکرێت و بەشێکی دیکەشی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ناوچەکە خەرج بکرێت".
بەدواداچونمان کردوە و راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتەکانی سلێمانی کۆبوینەتەوە و ئەمە شتێکی عەمدی نیە
پەیوەست بە کێشەی کۆکردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "بەدواداچونمان کردوە و راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتەکانی سلێمانی کۆبوینەتەوە و ئەمە شتێکی عەمدی نیە، کەسێک کە قەرزاری باج و دەرامەت بێت ئەگەر ئەم مانگە بێت یان هەرکاتێکی دیکە دەبێت هەر باجەکەی بدات، بەڵام خۆتان دەزانن بابەتی کۆرۆنا لە جیهان و کوردستان وایکرد جوڵەی بازرگانی لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان زۆر کەمببێتەوە بوەهۆی ئەوەی کە هاوڵاتیان خۆیان کەمتەرخەمی بنوێنن لە پێدانی باجەکانیان، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی باجەکان پێش ئەوەش ئەو قسانە بکرێت درەنگ باج کۆدەبێتەوە، پلانی خۆیان هەبو بۆ ئەوەی باشتر باج کۆبکەوە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە بازاڕ و بژێوی ژیانی خەڵکەوە هەیە تا دۆخیان باشتر بێت ئاسانتر باج کۆدەکرێتەوە و ئەرکی حکومەتی هەرێم خۆیەتی باج کۆبکاتەوە و پەیوەندی نیە بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە".

لەبارەی ئەوەی ئایا رێگری سیاسی هەیە بۆ کۆکردنەوەی باج لە سلێمانی، وتی، "دڵنیایی ئێوە و هەمو هاوڵاتیان دەکەین و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشی دەزانێت کە هیچ رێگرییەک نیە لەبەردەم کۆکردنەوەی باجدا و حکومەت خۆی بەرنامە و پلانی هەیە و دەتوانێت ئەو باجەی لەسەر هاوڵاتیانە کۆیبکاتەوە بەڵام نابێت بەجۆرێک بێت کە ئەرکیان گران بکات".