نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەندبکەن

11:42 - 23/11/2021

549جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، داوا لەلایەنەکانی عێراق دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەم پەسەند بکەن، بەتایبەت کە لایەنە ناڕازییەکان لەسەر بونی ساختەکاری هیچ بەڵگەیەکیان نیە و دروستبونی گرژیش لەبەرژەوەندی عێراق نیە.

جینین پلاسخارت ئەمشەو بەشداری کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەم بەشێوەیەکی گشتی بە ئارامی بەڕێوەچون، بۆیە داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەم پەسەند بکەن.

تۆمەتی لایەنەکان لەسەر بونی ساختەکاری پشتی نەبەستوە بە هیچ بەڵگەیەک
ئاماژەی بەوەشکرد، "تۆمەتی لایەنەکان لەسەر بونی ساختەکاری پشتی نەبەستوە بە هیچ بەڵگەیەک و مەترسی دروستبونی گرژیش دەکرێت، بۆیە داوا لەلایەنەکان دەکەن هەماهەنگی یەکتربن بۆ قۆناغی داهاتو کە عێراق پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و چوارچێوەیەکی سیاسی نوێ هەیە".

نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق ئەوەشی خستەڕو، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دواجار لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند دەکرێن، بۆیە بونی گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ چارەسەری کێشەی نێوان لایەنەکان کە لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە دروست بوە.

نیشانەکردن

عێراق