سەدر: گەل حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەوێت

09:48 - 23/11/2021

1430جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیەنراوەکەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق (یونامی) دەکەن سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم و جەختیش لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکەنەوە کە خواستی گەلی عێراقە.

ئەو لایەنانەی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت خۆیان بەدوربگرن لە ئاژاوەی سیاسی
موقتەدا سەدر لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، داوا لەو لایەنانە دەکەن کە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خۆیان بەدوربگرن لە "ئاژاوەسی سیاسی، توندوتیژی و تێکدانی ئارامی، بەڵکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن بە وێستگەیەک بۆ بەخۆداچونەوەیان بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی سیاسی و خزمەتکردنی گەلی عێراق".
 هاوڵاتیان خواستیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە
ئاماژەی بەوەشکردوە، هاوڵاتیان خواستیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایەش دەنگیانداوە تا ئەو حکومەتە ئاسایش، ئارامی و ئاوەدانیان بۆ دابین بکات.
 هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم
ئێوارەی ئەمڕۆ نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق (یونامی) رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم. بۆیە سەدر لەپەیامەکەیدا داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردوە بەبێ گوێدان بەفشارەکان و بەشێوەیەکی بێلایەنانە کار لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامەکان بکەن.

نیشانەکردن

عێراق