مێسی: کاتی ئەوە نییە بیر لە دەستکەوتەکانم بکەمەوە لەگەڵ بەرشەلۆنە

04:03 - 23/11/2021

784جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی، ئەستێرەی پاریس سان جێرمانی باسی ژمارەی تۆمارەکانی لە لالیگا و خۆگونجاندنەکەی لەگەڵ ژیانی لە فڕەنسا دەكات و راشیدەگەیەنێت، کاتی ئەوە نییە بیر لە دەستکەوتەکانی بکاتەوە لەگەڵ بەرشەلۆنە.

مێسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاند، "لە ڕاستیدا بۆ من شێتییە بردنەوەی خەڵاتی گۆڵکەری لالیگا بۆ هەشت جار، سەرەتا زۆر ئەستەم بو بیر لەوە بكەیتەوە كە بتوانێت بگەیتە ژمارەی زارا، بەڵام هەرچۆنێك بێت گەیشتن بەو ژمارەیە سەرسوڕهێنەرە".

ئەمڕۆ بونم لە پاریس وا لە من دەکات کە بەڕاستی چێژی لێوەردەگرم، هەمو 3 ڕۆژ جارێک یارییەکمان هەیە و کاتی ئەوەم نییە بیر لەوە بکەمەوە
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی تۆ لا لیگام جێهێشت، بەڵام تۆ ئەم تۆمارە و چەندین ژمارەی دیكەت جێهێشت. پێت وایە ژمارەکانت دەتوانرێت بشکێنرێت؟،  لیو وتی، "ئەمڕۆ بونم لە پاریس وا لە من دەکات کە بەڕاستی چێژی لێوەردەگرم، هەمو 3 ڕۆژ جارێک یارییەکمان هەیە و کاتی ئەوەم نییە بیر لەوە بکەمەوە".

ئەو یاریزانە وتیشی، "یاریزانەکان سەرنج دەخەنە سەر ڕوبەڕوبونەوەکانی داهاتو و بەدیهێنانی ئەو تەحەدا و ئامانجانەی کە لەبەر چاومانە، بەڵام هەر کە خانەنشین بم دەست دەکەم بە بینینی هەمو ئەو تۆمارانەی کە بەختم هەبوە بۆ بەدەستهێنانی، ئەو بەهایەی کە بەڕاستی شایەنیانە پێیان دەدەم".
ئێستا لە دۆخێكی زۆر باشم، لە پاریس بە تەواوی گونجاوم هەر کە توانیمان بگەینە ماڵی نوێمان و منداڵەکان دەستیان كرد بە ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە
ئەو هێرشبەرە ئەرژەنتینیە وتیشی، "من ئێستا لە دۆخێكی زۆر باشم، لە پاریس بە تەواوی گونجاوم هەر کە توانیمان بگەینە ماڵی نوێمان و منداڵەکان دەستیان كرد بە ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و كاروباری ڕۆتینی ڕۆژانەیان".

لیۆ بەردەوامی دایە قسەكانیدا رونیکردەوە، "ئێمە ناچاربوین گەشتێکی زۆر بکەین بۆ ئەرژەنتین کاتێک كە یاریمان بۆ هەڵبژاردەی نەتەوەی کرد و ئەوەش رێگری لێکردین لێرە بەردەوام بین، بەڵام لەسەر ئاستی ژیان خێزانەکەم لە فڕەنسا بە باشی نیشتەجێ بون".
هاتنمان بۆ پاریس زۆر ئاسانتر بو لەوەی کە سەرەتا بیرمان دەکردەوە
لیۆ ئەوەشی خستەڕو، "هاتنمان بۆ پاریس زۆر ئاسانتر بو لەوەی کە سەرەتا بیرمان دەکردەوە، زۆر بیرمان لە فێربونی فڕەنسی دەکردەوە بۆ منداڵەكان، هەرچەندە سەخت بو بۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا خێراتر خۆیان گونجاند و جێگیربون".

دەشڵێت، "منداڵەکان ئێستا دەچنە قوتابخانە و بە دڵنیاییەوە فێری فڕەنسی دەبن، چونکە کاتێک دێتە سەر فێربون، منداڵان زۆر بە خێرایی ئەو کارە دەکەن ئەمە وای لە من و هاوسەرەکەم کرد کە هەست بە ئاسودەیی بکەین".