به‌تۆمه‌تی كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی لەڕێگای مارەوە، گه‌نجێك سزای زیندانی هەتاهەتایی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا

05:25 - 22/11/2021

3802جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

گه‌نجێكی هیندستان به‌ناوی سوراج كومار، به‌ هۆی مارێكی كوبراوه‌ ئوسرای هاوسه‌ری كوشت و دادگاش بڕیاری سزای زیندانی هه‌تاهه‌تای و سزای مادی به‌بڕی 6.635 (شه‌ش هه‌زار و شه‌سه‌د و سی و پێنج) دۆلاری به‌سه‌ردا سه‌پاند.

تۆڕی هه‌واڵی (BBC) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ساڵی ڕابردو سوراج كومار به‌ تۆمه‌تی كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ناوی ئوسرا به‌ به‌كارهێنانی مارێكی زیندو ده‌ستبه‌سه‌ركرا، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا دادگا بڕیاری له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ركرد و رایگه‌یاند، كومار سزادراوه‌ به‌زیندانیكردنی هه‌تا هه‌تایی و سزادانی ماددی به‌بڕی 6.635 (شه‌ش هه‌زار و شه‌سه‌د و سی و پێنج) دۆلار.

خێزانی ئوسرا، پاش ئه‌وه‌ی كچه‌ 25 ساڵه‌كه‌یان له‌ساڵی 2020 دا، له‌ڕێگای پێوه‌دانی ماره‌وه‌ توشی ژه‌هراویبونی جه‌سته‌یی بو

هه‌ر به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، خێزانی ئوسرا، پاش ئه‌وه‌ی كچه‌ 25 ساڵه‌كه‌یان له‌ساڵی 2020 دا، له‌ڕێگای پێوه‌دانی ماره‌وه‌ توشی ژه‌هراویبونی جه‌سته‌یی بو، ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ سوراج كوماری هاوسه‌ری كچه‌كه‌یان ڕاكێشا، تۆمه‌تباریانكرد به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و له‌ پشت ئه‌و ڕوداوه‌وه‌ بوه‌، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی كومار چاكبوه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوماری زۆر خۆشویستوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ پشتگوێخرا و دادگاش ئه‌و دۆسیه‌ی داخست.

ئه‌مه‌ جاری دوه‌مه‌ كه‌ كچه‌كه‌مان وای به‌سه‌ردێت و پێشتریش كومار له‌ڕێگه‌ی ماره‌وه‌ هه‌وڵی كوشتنی داوه‌

پاش ئه‌وه‌ی ئوسرا له‌ ڕۆژانی ڕابردودا به‌هۆی دوباره‌ پێوه‌دانی ماره‌وه‌ له‌ كاتی خه‌وتنیدا كوژرا، جارێكی دیكه‌ خێزانه‌كه‌ی ئوسرا، ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ سوراج كومار ڕاكێشایه‌وه‌ و تاوانباریانكرد، به‌وه‌ی ئه‌و هۆكاری مردنی كچه‌كه‌یانه‌ رایانگه‌یاند، "ئه‌مه‌ جاری دوه‌مه‌ كه‌ كچه‌كه‌مان وای به‌سه‌ردێت و پێشتریش كومار له‌ڕێگه‌ی ماره‌وه‌ هه‌وڵی كوشتنی داوه‌".

سوراج كوماریان ده‌ستگیر كردوه‌ و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی دیكه‌شیان له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌ ده‌ستگیركردوه‌

پۆلیسی هیندستان ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه‌، پاش لێكۆڵینه‌وه‌كانیان، سوراج كوماریان ده‌ستگیر كردوه‌ و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی دیكه‌شیان له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌ ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ یارمه‌تی سوراج كوماری داوه‌ و ماره‌كه‌ی بۆ په‌یداكردوه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌شدا دادگا بڕیاری سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی و سزای مادی به‌بڕی 6.635  (شه‌ش هه‌زار و شه‌سه‌د و سی و پێنج) دۆلار به‌سه‌ر كوماردا سه‌پاندوه‌.

نیشانەکردن

هیندستان