پۆلیسی سلێمانی ورده‌كاری شه‌ڕه‌كه‌ی نێوان دكتۆر مازنی كیتۆ و دراوسێ دوكانه‌كه‌ی ئاشكراده‌كات

05:54 - 17/11/2021

71745جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دكتۆر مازنی كیتۆ له‌گه‌ڵ كه‌سێك له‌سه‌ر راگرتنی ئۆتۆمبێل، بوه‌ته‌ ده‌مه‌قاڵێیان و به‌وهۆیه‌وه‌ بۆكسێك به‌ر دكتۆر مازن كەوتوە، له‌ئێستاشدا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كرێت.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر راگرتنی ئۆتۆمبێل ده‌مه‌قاڵێیه‌ك رویداوه‌، ئه‌ویش به‌جۆرێك بوه‌ كه‌ دكتۆر مازن ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌به‌رده‌م دوكانی داروسێكه‌ی راگرتوه‌، دراوسێ دوكانه‌كه‌شی پاش كه‌مێك چوه‌ته‌ ژوره‌وه‌ بۆلای دكتۆر مازن و پێی وتوه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ت لابه‌ره‌، ئه‌ویش ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌به‌رده‌م دراوسێ دوكانه‌كه‌ی لاببات، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێ دروستبوه‌، ته‌نها بۆكسێك به‌ر دكتۆر مازن كه‌وتوه‌".

ته‌نها ده‌مه‌قاڵێیه‌ك بوه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ نیه‌

وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانیش، ره‌تیشیكرده‌وه‌، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هێرشكرابێته‌ سه‌ر دكتۆر مازن و وتیشی، "ته‌نها ده‌مه‌قاڵێیه‌ك بوه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ نیه‌ وه‌ك پزیشك، به‌ڵكو له‌سه‌ر راگرتنی ئۆتۆمبێل بوه‌ نه‌ك شتی دیكه‌".

هێزه‌كانی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردوه‌، ئه‌و كه‌سه‌یان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ بۆكسه‌كه‌ی له‌دكتۆر مازن داوه‌

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، پاش ئه‌و روداوه‌، "هێزه‌كانی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردوه‌، ئه‌و كه‌سه‌یان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ بۆكسه‌كه‌ی له‌دكتۆر مازن داوه‌ و له‌ئێستاشدا لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌".

پێشتر به‌شێك له‌میدیاكان بڵاویانكرده‌وه‌، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر دكتۆر مازن جه‌میل كه‌ به‌ دكتۆر مازنی كیتۆ ناسراوه‌ و خاوه‌نی "چێشتخانه‌ی كیتۆ"یه‌ و برینداركراوه‌، له‌ئێستادا له‌نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت.

نیشانەکردن

سلێمانی