چیرۆکی خوێندکارە ئەفغانییەکانی سلێمانی لە خەندان بخوێنەرەوە

10:55 - 17/11/2021

9073جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەی نیویۆڕک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا چیرۆکی خوێندکارانی ئەفغانی دەگێڕێتەوە، کە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، وڵاتەکەیان جێهێشتوە و ئێستا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق/ سلێمانی درێژە بەخوێندن دەدەن، بەڵام ڕۆژنامەکە وێنە و زانیاری کەسی خوێندکارەکانی بڵاونەکردوەتەوە بەهۆی پاراستنی ژیانی خانەوادەکانیان.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، تاوەکو ئێستا 109 خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان پەیوەندییان بە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق/ سلێمانییەوە کردوە و درێژە بەخوێندن دەدەن لە پسپۆڕی و بڕوانامەکانی خۆیان کە ئەگەری هەیە ئەو ژمارەیە بۆ 300 خوێندکار بەرزبێتەوە.

 سلێمانی شارێکی کوردی زۆر کراوە و دڵگیرە، پڕە لە کافێ و چێشتخانە و باخچە، یەکێکە لە شارە هەرە پڕ ئاساییشەکانی عێراق
ئەو خوێندکارە ئەفغانییانە هیوایان نەدەخواست بێنە عێراق بەڵکو چاویان لە وڵاتانی ڕۆژئاوابوە لەخۆیان بگرێت، بۆیە ئێستاش بە نیگەرانییەوە لە داهاتوی خۆیان دەڕوانن، یەکێک لە کچە خوێندکارەکان بەناو ماشاڵ-ی تەمەن 24 ساڵ، خوێندکاری ماستەر لە تەکنەلۆژیای زانیارییەکان؛ بە ڕۆژنامە ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندوە، "پێیان وتم خوێندنەکەت لە عێڕاق تەواودەکەی، وتم من تاڵیبانم جێهێشت، بەڵام ئێستا دەبێت ڕوبەڕوی مەترسی داعش ببمەوە، بەڵام وانەبو؛ سلێمانی شارێکی کوردی زۆر کراوە و دڵگیرە، پڕە لە کافێ و چێشتخانە و باخچە، یەکێکە لە شارە هەرە پڕ ئاساییشەکانی عێراق".

خوێندکارە ئەفغانییەکان سەرسوڕمانی خۆیان نیشانداوە کە لە ساتی گەیشتنیان بۆ عێراق، لە نیوە شەودا لەلایەن سەرۆک و ستافی زانکۆوە بە چەپکەگوڵ پێشوازییان لێکراوە لەناو حەڕەمی زانکۆ کە باڵەخانەکانی بە دیواری بەرز و پاسەوانی زۆر دەورنەدراوە.

نەدا، کە یەکێکی ترە لە خوێندکارە ئەفغانییەکان و هاوکات بەشێوەی گرێبەستی کاتی لە زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان کارمەندیش بوە، باسی لەوەکردوە، لەگەڵ هاتنی تاڵیبان سەرجەم گرێبەست و بەڵگەنامەکانی ستافی زانکۆ و خوێندکارەکانیان سوتاندوە، تاوەکو تاڵیبان هیچ زانیارییەکی لەسەر ستاف و خوێندکاران دەستنەکەوێت و خۆیان و خانەوادەکانیان پارێزراوبن.
لە زانکۆبوم کاتێک تاڵبیان هێرشیان کرد و هاتنە ئەو ژورەی من تێیدا کارم دەکرد، هاواریانکرد بە سەرمان و پێیان دەوتین ئێوە کافر و سیخوڕی ئەمریکان
مورتەزاش کە خوێندکاری یاسایە دەڵێت، "لە زانکۆبوم کاتێک تاڵبیان هێرشیان کرد و هاتنە ئەو ژورەی من تێیدا کارم دەکرد، هاواریانکرد بە سەرمان و پێیان دەوتین ئێوە کافر و سیخوڕی ئەمریکان، هەروەها دەڵێ، من بە خانەوادەکەمم نە وت دەچم بۆ عێراق، تا زیاتر نیگەرانم نەبن، چونکە ئەوەی ئێمە لەبارەی عێراقەوە گوێمان لێ دەبو، داعش و تەقینەوەبو". 
مامەڵەی سەربازانی ئەمریکی و تورکی زۆر خەراپ بو لەگەڵمان، بەجۆرێک لەسەر خاکی خۆمان زۆر بە ناشرینی هاواریان دەکرد بەسەرمانا
ئەوەی یادەوەرییەکی خەمناکە لای خوێندکارە ئەفغانییەکان مامەڵەی هێزە بیانییەکان بو بەرامبەریان لەساتی جێهێشتنی بە لێشاوی ئەفغانییەکان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، نەدا دەڵێت، "مامەڵەی سەربازانی ئەمریکی و تورکی زۆر خەراپ بو لەگەڵمان، بەجۆرێک لەسەر خاکی خۆمان زۆر بە ناشرینی هاواریان دەکرد بەسەرمانا، تەنانەت جاری یەکەم منیان فڕێدایە دەرەوەی فڕۆکەخانە وتیان تۆ ئەفغانیت ناتوانی گەشت بکەیت، زۆر هەستم بە مەترسی کرد لە دەرەوەی فڕۆکەخانە چونکە یەکەم جار بو ڕوبەڕو چەکدارانی تاڵیبان ببینم"، بەڵام دواتر وەک خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی، نەدا و هاوڕێکانی لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی قەتەرییەوە توانیویانە خۆیان بگەیەننە سلێمانی. 

ئەو خوێندکارە ئەفغانییانە لە درێژەی چیرۆکی ڕوداوەکانی گەڕانەوەی تاڵیبان دەڵێن، "دوای نزیکبونەوەی چەکدارانی تاڵیبان لە زانکۆی ئەمریکی، ئێمە گواستراینەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئەمنی لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ کە بریتانییەکان سەرپەرشتیان دەکرد و ماوەی چوار کاتژمێر لەوێ ماینەوە پێش ئەوەی بۆ عێراق گەشتە نادیارەکەیان دەست پێبکەن".
بە هیواوە گەڕامەوە ئەفغانستان، دەمزانی ژیان لەوێ قورسە بەڵام چونکە وڵاتی خۆم بو خۆشم دەویست و خەونم هەبو
فاتمە؛ یەکێکی ترە لە خوێندکارە ئەفغانییەکان، تەنها چوار ساڵ لە کابوڵ ژیاوە، پێشتر لە پاکستان پەنابەربو، خێزانەکی ڕازیکردوە بگەڕێنەوە کابوڵ تا درێژە بە خوێندن بدات لە زانکۆی ئەمریکی، فاتمە کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکانە و خەونی ئەوەیە لە داهاتودا کاری دیپلۆماتی ئەنجام بدات، دەڵێ "بە هیواوە گەڕامەوە ئەفغانستان، دەمزانی ژیان لەوێ قورسە بەڵام چونکە وڵاتی خۆم بو خۆشم دەویست و خەونم هەبو، بەڵام دوای چوار ساڵ دوبارە ئێستا لە غەریبی ژیان دەکەم". 

موجەتەبا؛ خوێندکاری یاسایە، دەڵێت کە "تاڵیبان تازە گەڕابوەوە کابوڵ شەوان لەبەر دەنگی فڕۆکەکان خەومان لێنەدەکەوت، نەک هەر ئەوە بەڵکو بیرمان دەکردەوە کە هەمو گەورەکانی وڵات وا سەفەر دەکەن کە ئەمەش ترسی زایاتری خستبوە دڵی ئەفغانییەکان"، موجتەبا کە خولی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و بەڕێوەبردنی کتێبجانەیەکی لە ئەستۆبوە پێش هاتنی تاڵیبان، هەوڵیشی دەدا باوکیشی فێری نوسین و خوێندنەوە بکات، کەچی ئێستا هەمو شتێکی لەدوای خۆی جێهێشتوە. 
دکتۆر بەرهەم ساڵح ئامادەیی هاوکاری کردنی نیشاندا بۆ پێشوازیکردن لە 300 خوێندکاری ئەفغانی 
چیرۆکی هاتنی خوێندکارانی ئەفغانی بۆ سلێمانی لە فیکتۆریا فۆنتان؛ جێگری سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستانەوە دەستیپێکرد، بەهۆی کارکردنی هاوبەش لە پڕۆگرامێک لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی لە عێراق/سلێمانی کە بەو هۆیەشەوە کۆمەڵێک لە دۆستەکانی هێنایە سەر هێڵ و دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و هاوکات دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق/ سلێمانییە ئامادەیی هاوکاری کردنی نیشاندا بۆ پێشوازیکردن لە 300 خوێندکار، سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەیی نیشانداوە لە هەندێک حاڵەت ئەگەر خوێندکارەکان پاسەپۆرتیشیان نەبێت، کێشەی هاتنە ناو عێراقیان بۆ چارەسەربکات.
 جگە لەو خوێندکارانەی لە عێراق دەخوێنن، 106 خوێندکاریان رەوانەی قیرغستان و 200 خوێندکاریش رەوانەی پاکستان و ئەمریکا کراون 
ئیان بیکفۆرد؛ سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان ڕایگەیاندوە، جگە لەو خوێندکارانەی لە عێراق دەخوێنن، 106 خوێندکاریان رەوانەی قیرغستان و 200 خوێندکاریش رەوانەی پاکستان و ئەمریکا کراون و هێشتا 375 خوێندکاری دیکەشیان لە ئەفغانستان ماونەتەوە و چاوەڕێی هەڵی تەواوکردنی خوێندنەکەیانن لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەمریکی لە دەرەوەی ئەفغانستان.
ژمارەیەکی زۆر لە ستافی زانکۆ و دەرچوەکانیان هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە

بیکفۆرد؛ ئاماژەی بەوەشکردوە، کە "ژمارەیەکی زۆر لە ستافی زانکۆ و دەرچوەکانیان هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، هەرچەندە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە لە دەرەوەی ئەفغانستان چەندین کۆرسییان کردۆتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئەو خوێندکارانەی ماونەتەوە، بەڵام بەهۆی ترسی تۆمەتبارکردنییان لەلایەن تاڵیبان کە پەیوەندییان لەگەڵ لایەنی دەرەکی و دەزگای ئەمریکی هەیە ناتوانن بەشداری بکەن".

راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز بە باسی موجەتەبا کۆتایی دێت کە ڤیدیۆی برا بچوکەکەی نیشانی پەیامنێرەکە داوە کە بەهۆی نەبونی کارەبا چۆن بەدیار روناکییەکی دەستییەوە دەخوێنێت، لە کاتێکدا خوشکەکەی ناچاربوە واز لە قوتابخانە بهێنێت بەهۆی داخستنی قوتابخانە دواناوەندییەکانی کچان، ئێستا موجتەبا لە ژورێکی بچوک بە هاوبەشی لەگەڵ خوێندکارێکی دیکەی ئەفغانی لە سلێمانی دەژیت، لەسەر کتێبخانەکەی تێبینی ئومێدبەخش بۆ خۆی دەنوسێت و ئەوەی سەرنجی پەیامنێری ڕۆژنامە ئەمریکییەکەی داوە ئەوەیە، موجتەبا لەسەر پارچە کاغەزێکی بچوک نوسیویەتی، "بەهێز بە" لەگەڵ وێنەی دەموچاوێکی پێکەنیناوی، کە مانای گەشبینی دەبەخشێت.