عەلی حسێن لە دیداری خەندان لەبارەی چەندین پرسی پەیوەست بە پارتی، دۆخی کوردستان و عێراق دەدوێت

10:15 - 17/11/2021

2441جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتی رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی تری کوردستان یەکڕزین بەڵام بابەتەکە رێژەییە و لە هەندێکجار و هەندێک وێستگەی سیاسی رەنگە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش هەندێک تێبینیان هەیە، پێویستیان بە یەکڕیزییەکی پتەوتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو هەماهەنگیەی نێوانیان رەنگدانەوەیەکی ئیجابی هەبێت، دەشڵێت، "ئەوەی لە راگەیاندن لەسەر کۆچ باس دەکرێت پەیامێکی بەرپرسیارانە نیە، هەرێم لەڕوی سیاسییەوە ئەگەر بەراوردی بکەیت بە عێراق یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕوی ئازادی رادەربڕین کێشەی نیە، رەنگە خەڵکێکی تیادابێت کە بێکاربێت یان لەڕوی ئابوریەوە دۆخی خراپبێت کۆچی کردبێت، بەڵام ئەمە رێژەییە، ئەو خەڵکەی کە چوە بەشێکی زۆری چاولێکەریە".

عەلی حسێن لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵێک پێشخرا بەهۆی ناڕەزاییەکانی شەقامی عێراقی لەسەر کەموکوڕییەکان و ناڕەزاییەکانی خەڵک، مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئامادەبونی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوەوە و بە باشزانرا چەند دانیشتنێکی راوێژکاری لەگەڵ لایەنەکان بکرێت بەتایبەت ئەوانەی کە پێکەوە لە حکومەتین کە یەکێتی، گۆڕان و سۆسیالیست و پێکهاتەکانن، بەڵام لەگەڵ لایەنەکان تریش کە بەشدارن لە حکومەت یان بەشدارنین کۆدەبینەوە، لەبەرئەوەی بونی ئێمە و شەراکەتمان لە بەغدا پێویستی بە هەماهەنگی لایەنە سیاسیەکان و تێگەیشتنی لایەنەکان هەیە، بۆیە پێویستیمان بە بیڕوڕای لایەنە سیاسیەکان بو، تا ئێستاش بەردەوامین و بیروبۆچونەکان لێکنزیک بوین و کۆبونەوەی تری دو قۆڵی و چەند قۆڵی دەکرێن، رەنگە کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمیش ئەنجامبدرێت".

بۆ بڕیاردان پێویستمان بەوە هەیە هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی بچێت بۆ بەغدا نەک لایەنێکی سیاسی بە تەنها
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی پارتی کە چوەتە بەغدا بۆ راوێژکاری بوە نەک بۆ بڕیاردان، "چونکە بۆ بڕیاردان پێویستمان بەوە هەیە هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی بچێت بۆ بەغدا نەک لایەنێکی سیاسی بە تەنها، بەڵام ئەوەی کە ئێمە یان یەکێتی بەجیا بوە مشاوەرەیە و بۆ بەرچاوڕونی ئێمەیە بۆ ئایندەی کۆبونەوەکانمانە".
پێویستیمان بە یەکڕیزییەکی پتەوتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەماهەنگیەی نێوانمان رەنگدانەوەیەکی ئیجابی هەبێت بۆ پێداگری لە دەستەکەوتەکانمان 
عەلی حسێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی هەنگاو بۆ ئەو "یەکڕیزی"ە دەنێن کە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە باسی دەکەن، وتی، "ئێمە یەکڕیزین، بەڵام بابەتەکە رێژەییە لە هەندێکجار و هەندێک وێستگەی سیاسی رەنگە ئێمە و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش هەندێک تێبینیمان هەبێت، پێویستیمان بە یەکڕیزییەکی پتەوتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەماهەنگیەی نێوانمان رەنگدانەوەیەکی ئیجابی هەبێت بۆ پێداگری لە دەستکەوتەکانمان بۆ بەهێزبونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و حسابکردنی زیاتر لایەنە عێراقییەکان بۆ کوردستان، بەڵام ئێمە پێکەوە حوکمڕانین و کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشمان هەیە".
راستە پارتی هەر لە دوای 2003ەوە هەر هەڵبژاردنێک بوبێت پارتی هەر حزبی یەکەم بوە بەڵام وەکو حزبی یەکەم و وەکو گەورەیی پێگەی خۆی مامەڵەی نەکردوە
لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی دانوستانی لەگەڵ لایەنەکان لەسەر چ بنەمایەک دەبێت، عەلی حسێن وتی، "ئێمە دانوستانەکانمان لەسەر بنەمای شەراکەتی کوردە لە بەغدا، بەو ئاڕاستەیەش کارمان کردوە، راستە پارتی هەر لە دوای 2003ەوە هەر هەڵبژاردنێک بوبێت پارتی هەر حزبی یەکەم بوە بەڵام وەکو حزبی یەکەم و وەکو گەورەیی پێگەی خۆی مامەڵەی نەکردوە، بەڵکو وامامەڵەی کردوە کە هەرێمی کوردستان قەزیەیەکی هەیە هەرێمی کوردستان شەریکە لە بەغدا، زۆرجاریش تەنانەت ئەو ئیمتیازاتانەی مافی پارتی بوە بەپێی ئەو پێگەیەی کە هەیە ئێمە ئامادەبوین کە حزبێکی دیکە یان لایەنێکی دیکە نوێنەرایەتی پارتی بکات". 
 هەرێمی کوردستان لە پێش عێراقەوەیە بەڵام کەمی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن دیسان جێگەی تێبینی و هەڵوەستەیە و بە تاکید پێویستی بە دیراسەیە
لەبارەی بەشدارینەکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، عەلی حسێن دەڵێت، "بابەتەکە گشتییە و لەسەر ئاستی هەمو عێراقە، کۆمەڵێک هۆکار هەن، رەنگە پەیوەست بێت بە یاسای هەڵبژاردن و بەشێکیش بابەتی کۆرۆنا، بەشێکیشی رەنگە پەیوەست بێت بە گلەیی و گازندەکانی خەڵک و گرفتەکانی ناو حزب و لایەنە سیاسیەکان، بەڵام بەراوردێک بکەین لەنێوان هەرێمی کوردستان بەشەکانی دیکەی عێراق، هەرێمی کوردستان لە پێش عێراقەوەیە بەڵام دیسان جێگەی تێبینی و هەڵوەستەیە و بە تاکید پێویستی بە دیراسەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە و هۆکارەکانی دیاری بکرێت".
ئەمجارە رەنگە خەڵکێکی زۆر بەشداریان کردبێت، بەڵام دەنگەکانیان سوتابێت چونکە گرفتی خوێندنەوەی پەنجە هەبو
لەبارەی کەمبونەوەی ژمارەی دەنگەکانی حزبەکان لە کوردستان، ئەوەی خستەڕو، "پارتی حزبی یەکەم بو لە دەسەڵات، بەڵام زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسی هێنا، کەمی دەنگ پەیوەستە بە رێژەی بەشداری خەڵک نەک حزبێکی دیاریکراو، بە دڵنیایی چەند بەشداری زیاتربێت دەنگ زیاتر دەبێت بۆ هەمو حزبەکان هەریەکەیان بەپێی پێگەی خۆیان، هەڵبژاردن لە هەمو دونیا لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیش مەرج نیە ئەو رێژە زۆرە لە خەڵک بەشداری بکەن کە پێشبینیمان دەکرد، شێوەی یاساکە و لەڕوی تەکنییکیشەوە جیاوازی هەبو، ئەمجارە رەنگە خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردبێت، بەڵام دەنگەکانیان سوتابێت چونکە گرفتی خوێندنەوەی پەنجەمۆر هەبو، وێستگە هەبو لە پێنج هەزار دەنگ هەزار دەنگی سوتابو، ئێمە گلەییەکی گشتیمان هەیە لەسەر بابەتەکە بەڵام پەیوەستە بە هەمو لایەک".
هەرێمی کوردستان لەڕوی سیاسییەوە ئەگەر بەراوردی بکەیت بە عێراق یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕوی ئازادی رادەربڕین کێشەی نیە
لەبارەی کۆچی هەزاران هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا کە ئێستا لە سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵندا گیریان خواردوە، عەلی حسێن وتی، "من پێموانیە بابەتی کۆچ پەیوەست بێت بەو بابەتانەی کە لە راگەیاندن باس دەکات، رەنگە بەشێکی زۆر کەمی بێت، ئەوەی لە راگەیاندن باس دەکرێت پەیامێکی بەرپرسیارانە نیە، خەڵکی تیادایە مامەڵەی زێڕی کردوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوبەی لە ڕوی ئابوریەوە کێشەی نەبوە، هەرێمی کوردستان لەڕوی سیاسییەوە ئەگەر بەراوردی بکەیت بە عێراق یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕوی ئازادی رادەربڕین کێشەی نیە، رەنگە خەڵکێکی تیادابێت کە بێکاربێت یان لەڕوی ئابوریەوە دۆخی خراپبێت بەڵام ئەمە رێژەییە، ئەو خەڵکەی کە چوە بەشێکی زۆری چاولێکەریە و بەشێکی زۆریش ئیمکانیاتی زۆری هەیە بەشێکیش رۆڵی سلبی راگەیاندنی ئێمەیە لە کوردستان، رۆڵی سلبی ئۆپۆزسیۆنە کە بەراستی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتە پێشکەوتوەکان خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی و حکومەتیش دەکات چونکە کەموکوڕیەکان پیشانی حکومەت دەدات، بەڵام بەداخەوە لێرە هەمو شتەکان بە رەش دەبینرێت و خەڵک بەشێوەیەک ئاڕاستە دەکرێت کە رەنگە پەیامێکی بەرپرسیارانە نەبێت".
پارتی حزبێکی تەمەن 75 ساڵییە، رەنگە ئەو حزبانەی کە ئەو تەمەنەیان هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمابێتن یان بچوک بوبێتنەوە
لەبارەی ئەوەی کە زۆرجار پارتی هۆکاری یەکەمە بۆ خراپی دۆخی کوردستان و رۆشتنی خەڵک بۆ ئەوروپا، عەلی حسێن وتی، "ئێمە لە بەرپرسیارێتی راناکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی تەمەن 75 ساڵییە، رەنگە ئەو حزبانەی کە ئەو تەمەنەیان هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمابێتن یان بچوک بوبێتنەوە، ئێستاش خەڵکی کوردستان متمانە بە پارتی دەدات بۆیە بەو پێگەیە ماوەتەوە، پێمانوایە لایەنەکانی تریش هەریەکە و بەپێی پێگەی خۆی بەرپرسە، نەک هەر ئەوانەی لەگەڵ ئێمە هاوپەیمانن لە حکومەت ئەوانەی دەرەوەی حکومەتیش بەرپرسیارێتیان لەسەر شانە، بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و میللی و هاوڵاتیبون لەسەر شانیانە، بۆیە دەبێت ئێمە بەراوردی واقعیانە بکەین لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق، ئێمە لەدوای 2014ەوە ماوەی چەند ساڵێک بودجەی کوردستان بڕدرا، ئەگەر بودجەش هاتبێت 5% تێپەڕی نەکردوە، 95% ئەو بودجەی زەبەلاحەی لەدەستی عێراق بوە گەلانی عێراق دەنگیان لێبەرزبوەتەوە کە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک دەکەن بە نمونە لەگەڵ شارەکانی دیکە، ئەگەریش داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان و ناوخۆی خۆمان نەبوایە عێراق هەوڵیدا بمانخنکێنێت، بودجە بڕدرا و داعش هێرشی کردە سەرمان و حەسارخرایە سەرمان، بەڵام ئەگەر بڵێی لە ئاستی تموحی ئێمەیە من دەڵێم نەخێر لە ئاستی تموحی ئێمە نیە".
 بەڕێوەبردن پێویستی بە دامەزراوەیی هەیە، دەبێت یاسا سەروەر بێت پاشان سیستەم دەبێت، سەروەری یاساش پێویستی بە ئیستقراری سیاسی هەیە
لەبارەی ئەوەی ئایا عەلی حسێن پێیوایە لە کوردستان کێشەی بەڕێوەبردن نیە، وتی، "ئێمە لەبەرئەوەی کە دەوڵەت نین و هەرێمێکی فیدڕاڵین و دەزانین کە دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دەوڵەتێکی ناسروشتی بوە و بە ئیرادەی گەلانی عێراق دروست نەبوە، ئەسڵەن عێراق لە دروستبونیەوە تا ئێستا سەقامگیر نەبوە، بەڕێوەبردن پێویستی بە دامەزراوەیی هەیە، دەبێت یاسا سەروەر بێت پاشان سیستەم دەبێت، سەروەری یاساش پێویستی بە ئیستقراری سیاسی هەیە، لە هەڕەشەی داعش، کێشەی ناوخۆی عێراق و هەڕەشەی دەرەکی و هەندێکجار گرفتەکانی ناوخۆش لە ئاستی پەکەکە هەمویان بەشێکە لەوەی کە ناسەقامگیری دروستبکەن، چۆڵکردنی دێهاتەکان لەسەر سنوری کاریگەری لەسەر ئابوری کوردستان دانانێت".  
ئێستا دانوستان و گفتوگۆکانمان بەو ئاڕاستەیە کە بتوانین کۆدەنگیی و یەکڕیزیەکی باشتر دروستبکەین
پەیوەست بەو ساردیەی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە لە پێش بانگەشەی هەڵبژاردن، ئایا کۆتایی هاتوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی دەڵێت، "ئێستا دانوستان و گفتوگۆکانمان بەو ئاڕاستەیە کە بتوانین کۆدەنگیی و یەکڕیزیەکی باشتر دروستبکەین، راستە روئیای جیاوازمان هەیە بەڵام لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ئەوەی پەیوەست بە کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بتوانین لەمەدا کۆدەنگ بین و هاوکار بین نەک هەر ئێمە و یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ لایەنەکانی تریش، ئامادەیی پارتی هەیە و هەست دەکەین ئامادەیی یەکێتی و لایەنەکانی تریش هەیە ئەوەندەی لێیان دەبیستین".
 پڕۆژەمان هەیە کە چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ بەغدا بەڵام رای لایەنەکانی تریش وەردەگرین بۆئەوەی پڕۆژەکە ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەمجارە دەیانەوێت چۆن لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان بگەنە رێککەوتن، عەلی حسێن دەڵێت، "خەریکە کۆبونەوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە هەوڵ دەدرێت یەک پەیامی و یەکڕیزی دروستبێت و هاوکات کۆبونەوەی لایەنەکانیش دەبێت بۆ ئەوەی راکان خاڵی هاوبەشمان کۆبکەینەوە، ئێمە پڕۆژەمان هەیە کە چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ بەغدا بەڵام رای لایەنەکانی تریش وەردەگرین بۆئەوەی پڕۆژەکە ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نەک بەتەنها رای پارتی".
 لە حکومەتی تەواوفقی قازانجمان نەکردوە، بەڵام حکومەتی زۆرینەش ئەزمونمان لەگەڵ نیە نازانین سەقامگیری پەیدا دەکات یان نا
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی دەیەوێت چ حکومەتێک لە بەغدا پێکبهێنرێت، دەڵێت، "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی عێراق، عورفێکی سیاسی پێشتر هەبوە، بۆ سەرک وەزیران لەناو ماڵی شیعە لەسەری رێکدەکەون، سەرۆک کۆمار لەناوی ماڵی کورد و سەرۆکی پەرلەمان بۆ عەرەبی سونەیە، بە دڵنیایی لە حکومەتی تەواوفقی قازانجمان نەکردوە، بەڵام حکومەتی زۆرینەش ئەزمونمان لەگەڵ نیە نازانین سەقامگیری پەیدا دەکات یان نا، چونکە دۆخی عێراق تایبەتە و دەبێت رەچاوی ئەمنی، ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراقیش بکرێت، بەدڵنیایی بەرژەوەندی پێکەوە کارکردن و رەنگدانەوەی شەراکەت و دروستکردنی ئیستقرار لەنێوانمان بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات رەنگە ئەمە لەسەرمان فەرز بێت نەک ئێمە بیکەین".
 لەگەڵ هەمو لایەنە شیعیەکان پەیوەندیەکانمان هەوراز و نشێومان هەبوە، نەک ئێستا تەنانەت پێش روخانی سەدامیش
لەبارەی نزیکی پارتی لەلایەنەکانی عێراق، عەلی حسێن دەڵێت، "بە دیاریکراوی لایەنێکی دیاریکراو نیە، ئێمە لەگەڵ هەمو لایەنە شیعیەکان پەیوەندیەکانمان هەوراز و نشێومان هەبوە، نەک ئێستا تەنانەت پێش روخانی سەدامیش، دوای 2003 پەیوەندیەکانی کوردستان و رۆڵی ئیجابی سەرکردایەتی کوردستان رۆڵێکی گەورەبو بۆ نزیککردنەوەی هەمو لایەنەکان ئێستاش ئێمە پەیوەندیەکانمان باشن، بەڵام کێشەی ئێمە کێشەی هەرێمە لەگەڵ ناوەند و ئەوانەی کە لە بەغدا حوکمڕانن، ئێمە بەدڵنیایی تێبینیمان لەسەر هەبوە و بەڵام هێڵی سورمان نیە لەسەر هیچ لایەنێک کە ئامادە نەبین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین بەڵام لە هەندێک لایەن تێبینیمان زیاترە، ئەگەر بگەینە ئەنجامێک لە گفتوگۆکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەو لایەنە نزیکتر دەبین".